سەردێڕ:

بی بی سی: ٣٠ ساڵە دوو بنەماڵە کوردستان حوکم دەکەن و گەندەڵییەکی بەربڵاو هەیە

PM:04:34:27/11/2021

13416 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی بی بی سی ئینگلیزی لە راپۆرتێکی شیکاریدا "گلەیی لە بێکاری و کەمی موچە و خراپی خزمەتگوزاری گشتی و گەندەڵیەکی بەربڵاوو کۆترۆڵکردنی دەسەڵات لەلایەن دوو بنەماڵەی "بارزانی و تاڵەبانی" بەهۆکارگەلی سەرەکی کۆچی گەنجان لەهەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەوروپا ئەژماردەکات.


چوارشەممەی رابردوو ٢٧ کۆچبەر کە ژن و منداڵی تێدابوو لە کەناڵی ئینگلیزی لە رۆشتنیان لە فەڕەنساوە بەرەو بەریتانیا بە بەلەمێک، گیانیان لەدەستدا و بەگوێرەی وتەی دەسەڵاتداران باوەڕدەکرێت کە زۆرینەیان کورد بن.

 کوردانی هەرێمی کوردستان لە هەفتەکانی رابردووشدا رووبەرووی مەرگ بووەنەوە لە سنورەکانی نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵەندا، لە کاتێکدا بە هەزارانی دیکە پلەکانی ژێر سفردا هەوڵیان دەدا سنورەکان ببڕن و بگەن بە خاکی یەکێتی ئەوروپا.


هۆکارەکانی کۆچ؟

تراژیدیاکان بووە جێگەی پرسیار لەلای خەڵکی کە بۆچی زۆرێک لەو کۆچبەرانەی لەسەر سنورەکانن خەڵکی هەرێمی کوردستانن کە سەرچاوەی دەوڵەمەندی نەوتییان هەیە و ناوبەنگی ناوچەیەکی تا ڕادەیەک ئارامیان هەیە بۆچی دەیانەوێت گەشتێکی وا مەترسیدار ئەنجام بدەن.

چەندین کورد گیرییان خواردووە لە کامپەکاندا لە هەردوو وڵاتی فەڕەنسا و بیلاڕوسیا لە کاتێکدا دەیانەوێت لەدەست سەختی بارودۆخی ئابوری هەرێمەکە رابکەن و ژیانێکی نوێ دەستپێ بکەن.

بی بی سی، ئاماژەی بەوەکردووە، گلەیی لە بێکاری و کەمی موچە و خراپی خزمەتگوزاری گشتی و گەندەڵیەکی بەربڵاو و کۆترۆڵکردنی دەسەڵات لەلایەن دوو بنەماڵەوە کە "بارزانی و تاڵەبانی" و حزبە سیاسییەکانیانن، کە ماوەی سێ دەیەیە هاوبەشی دەسەڵات دەکەن لە هەریمەکەدا.

گەنجێک لەیەکێک لە کامپەکانی دەنکیرکی فەڕەنسا دەڵێت "هیچ هیوایەک نییە لەکوردستان، هەموو کەسێک پێویستە گەشت بکات، جگە لەوکەسانی پاڵپشتی دەکرێن لەلایەن هەردوو پارتی دەسەڵاتدار.

ژنێکی دیکە لە هەمان کامپ باسی لەوەکرد هاوسەرەکەی وەک پێشمەرگە کاریکردووە لە پاراستنی سنورەکانی کوردستان بۆ ماوەی چەندین ساڵ، بەڵام دوای ئەوەی چەند مانگێک موچەی پێ نەدراوە کۆچییان کردووە بەرەو ئەوروپا، وتیشی "ئێمە هیوامان بە ژیانێکی باشتر هەیە کاتێک بگەینە بەڕیتانیا، داهاتوویەکی گەشتر بۆ منداڵەکانمان.


قەیرانی دارایی

هەرێمی کوردستان خاوەنی زیاتر لە پێنج ملیۆن دانیشتوانە و نزیکەی ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار کەس لە کەرتی گشتی (حکومی)یدا کار دەکەن.

ئەمەش مانای وایە کە ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان توشی قەیرانی گەورە بوون کاتێک حکومەت ٢١٪ی موچەی بڕی بۆ ماوەی چەندین مانگ لە سەرەتای ئەمساڵدا بەهۆی قەیرانی داراییەوە کە هۆکارەکەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو و بووە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی نەوت لە تەواوی جیهاندا و تێکچوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی عێراقدا لەسەر دابینکردنی بودجە.

هەرچەندە لێبڕینی موچە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا کۆتایی پێهات، بەڵام هیچ گرەنتییەک نییە بۆ ئەوەی فەرمانبەران ئەو بڕە پارەیە وەربگرنەوە کە حکومەت قەرزاریانە یاخود نا.

لە ئێستا نرخی نەوت جارێکی دیکە بوژانەوەی بەخۆیەوە بینیووە و ئەمەش مانای وایە ئابوری دووبارە بوژاوەتەوە، بەڵام کێشەی بێکاری و کەمی موچە و هەژاری لە وڵاتەکەدا بەردەوامی هەیە.

هەفتەی رابردوو هەزاران خوێندکاری زانکۆکان رژانە سەر شەقامەکان لە هەردوو شاری سلێمانی و هەولێر بۆ داواکردنی گەڕانەوەی دەرماڵەکانیان کە لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە لێیان بڕدراوە لەدوای دابەزینی نرخی نەوت و دەستپێکی شەڕی داعش.

خوێنکارێک بە ئاژانسی فرانسپرێسی راگەیاندووە "چەندین خوێندکار هەیە کە توانایان نییە بچنەوە بۆ ماڵەوە لە ناوەندەکانی خوێندنیانەوە، چەندین خوێندکاری دیکەش پارەی پێویستیان پێ نییە بۆ ئەوەی رۆژانە سێ ژەم خۆراک بخۆن."

حکومەتی هەرێم روبەڕوی رەخنە بووەتەوە لە چەندین لاوە، مانگی ئایار، رێکخراوی UN هۆشیاریدا لەبارەی مافی رۆژنامەنوسان چالاکوانەکانی مافی مرۆڤ و خۆپیشاندەران کە رەخنەیان هەبووە لەدەسەڵات تەنها مەترسییان لەسەر نەبوو بە ترساندن و گرتن و جڵەوکردنی جوڵەکانیان بەڵکو تۆمەتبار کراون بە ناوزڕاندن و دروستکردنی کێشە بۆ ئاسایشی وڵات.


جەنگ لەگەڵ تورکیا

بەهۆی بوونی گرژی و شەڕەوە لەسەر سنورەکانی باکور لەگەڵ تورکیادا ئاورەبوون دروست بووە لەناو خاکی هەریمی کوردستاندا و سەدان کەس لەناوچەکانی نزیک دهۆک و نزیک شیلادزێ لەناو ئەو کەسانەدا بوون گەشتییان کردووە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا لەرێگەی سنوری بیلاڕوسیاوە لەو کاتەوەی کۆچکردن بەو رێگەیە بەربڵاو بووە.

شاخەکانی نێوان عێراق و تورکیا بووەتە مەنزڵگە بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان کە هێزێکی یاخین و شەڕ دەکەن بۆ ئۆتۆنۆمی کوردان لە تورکیا لە ساڵی ١٩٨٤وەو پەکەکە لە لیستی تیرۆریدا لە لای یەکێتی ئەوروپا و بەڕیتانیا و ئەمریکا.

باس لەوە دەکرێت سوپای تورکیا لە مانگی نیسانەوە چووەتە ناو خاکی هەریمی کوردستانەوە و فڕۆکەی جەنگی و درۆن بەکار دەهێنێت لە دژی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و لە هەمان کاتەدا لەسەر زەوی و لەناو خاکی هەرێمی کوردستان سەربازەکانی تورکیا شە لەگەڵ پەکەکە دەکەن.

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پارتی کرێکارانی کوردستان تۆمەتبار دەکەن بەوەی بوونەتە هۆی گیانلەدەستانی خەڵکی سڤیل لە ناوچە سنورییەکان و بوونەتە هۆی مردنی پێشمەرگەش.

هاوڵاتییەک کە کوڕە ١٩ ساڵەکەی کۆچی کردووە بەرەو ئەڵمانیا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە " ناوچەکەمان گەمارۆدراوە، لە لایەکەوە پەکەکە بوونی هەیە و لەلایەکی دیکەوە تورکیا، ناوچەکەمان جوانە، بەڵام دەترسین لە مانەوەمان لێرە".

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەکردووەتەوە کە قەیرانی کۆچبەران بوونی نییە، بەڵکی کێشەی قاچاخچی تاوانکاری مرۆڤ بوونی هەیە و کۆچبەران لەلایەن تیمە قاچاخچییەکانەوە هەڵخەڵەتێندراون لەسەر سنوری بیلاڕوسیا و پۆڵەندا.

مەسرور بارزانی داوای لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاش کرد یارمەتی بدەن لە روبەڕوبوونەوەی قاچخچییەکان و هاوکاری دارایی بۆ پشتگیری لە ریفۆڕم و چاکسازییەکان کە وەبەرهێنان لەهەرێمی کوردستان بەرەوپێش دەبات و هەلی کار زیاد دەکات.

هاوکات سەرۆکی حکومەت داوای هاوکاری زیاتری کردووە بۆ هەرێمی کوردستان کە بەردەوامە لە میوانداریکردنی یەک ملیۆن هاوڵاتی عێراق کە ماوەی سێ ساڵە هاتوونەتە ناوچەکانی هەریم بەهۆی جەنگی داعشەوە و دوو سەد هەزار ئاوارەی سوری کە دابینکاری تەندروستی و پەروەردە و خزمەتگوزارییە گشتییەکانیان پێشکەشکراوە.













گەلەری