سەردێڕ:

حکومەتى هەرێم: بڕیارى پێدانى دەرماڵە بە خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان نەدراوە

PM:05:22:24/11/2021

14736 جار خوێندراوەتەوە

جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند "حکومەت بڕیارى پێدانى دەرماڵەى بە خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان نەداوە".


ئەمڕۆ چوارشەممە، جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەمیانەى ئەنجامدانى کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆیدا بڕیارى پێدانى دەرماڵەى بە خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان نەداوە و پشتگیرى دارایى بۆ بەشە ناوخۆییەکان و خزمەتگوزارى ناو زانکۆ دابین کردووە".

وتیشى "بڕە پارەیەک وەک پشتگیرى دارایى بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا تەرخان کراوە بەمەبەستى باشترکردنى دۆخى بەشە ناوخۆییەکان و خزمەتگوزارى". 

لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وتەبێژى حکومەتى هەرێم جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە "ئەو بڕە پارەیەش دیارى نەکراوە کە وەک پشتگیرى دەدرێت بە وەزارەتى خوێندنى باڵا". 

لەبارەى دەستگیرکردنى خوێندکارانیشەوە وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان وەڵامى ئەو پرسیارەى پەیامنێرانى نەدایەوە.

هاوکات لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وتەبێژى حکومەتى هەرێم ئاماژەى بەوە کرد کە دەستى دەرەکى لەپشت خۆپیشاندانەکان هەیە و ئاراستەى خراپی خوێندکاران دەکەن.

وتیشى "ئەو رەفتارانەى لە خۆپیشاندانەکاندا دەکرێت رەفتارى خوێندکاران نیین و دەستێک هەیە بۆ بەلارێدانى داخوازییەکانیان". 

ماوەى چوار رۆژە خۆپیشاندانى نارەزایەتى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ پێدانى دەرماڵە و دژى نەبوونى خزمەتگوزارى بەردەوامى هەیە و هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنى خۆپیشاندەران دارى کارەبایى و گازى فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا و بەو هۆیەوە چەند خۆپیشاندەرێک بریندار بوون.

دوێنێش، هێزە ئەمنییەکان نەک تەنها دارى کارەبایى گازی فرمێسکرێژ، بەڵکو تەقەیان بەسەر خوێندکارانیشدا کرد لە سلێمانی و لە دهۆکیش بە زەبری هێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا.

وەک هەوڵێکیش بۆ دامرکاندنەوەى خۆپیشاندانەکان لە هەریەکە لە زانکۆکانی، سلێمانی، پۆلیتەکنیکی سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕین دەوامی خوێندکاران بۆ ماوەی دوو رۆژ راگیرا و بەشە ناوخۆییەکان داخران.

ئەمڕۆش سەرەڕای ئەوەی خۆپیشاندانی زانکۆی سلێمانی هێمنانە بوو بەڵام هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسک رێژیان دژ بە خوێندکاران بەکارهێنا و بەهۆیەوە دۆخی تەندروستی بەشێکی خوێندکاران تێکچوو.













گەلەری