سەردێڕ:

پارێزگاری سلێمانی: بە فەرمی فەرمان بە کەس نەکراوە بۆ بەکارهێنانی توندوتیژیی

PM:07:56:23/11/2021

5920 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بەتوندی ئیدانەی هەر توندوتیژییەک دەکەن و بە فەرمی فەرمان بە کەس نەکراوە بۆ بەکارهێنانی توندوتیژیی.


هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، "ئێمە وەک پارێزگای سلێمانی بەتوندی ئیدانەی هەر توندوتیژییەک دەکەین و لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون بە لێکۆڵینەوە و دۆزینەی ئەو کەسانەی بەدەر لەهەر بنەمایەکی مافەکانی مرۆڤ و دوور لە هەر بڕیار و راسپاردن و دیسپلینێکی سەربازیی روبەڕوی خۆپیشاندەر و هاوڵاتیانی مەدەنی بونەتەوە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هیچ کەسێک، هیچ فەرمانێکی فەرمی و دەوڵەتی، رێکخراو یان ناڕێکخراوی پێنەکراوە بە بەکارهێنانی هیچ جۆرە توندوتیژییەک و هەر حاڵەتێکیش روویداوە بکەرەکانی وەک کەس لێی بەرپرسیارن."

باسی لەوەشکردووە، "پارێزگاری سلێمانی هیچ هێزێکی تایبەتی و دیاریکراو بەخۆی نییە و پارێزگای سلێمانیش دامەزراوەیەکی تەواو مەدەنییە."

هەڤاڵ ئەبوبەکر راشیگەیاندووە، "پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ئەرکی هەموومانە و پارێزەری هەر چالاکی و رێگایەکی مەدەنیانە دەبین کە بە ئاشتیانە گوزارشت لە داخوازییەکان بکات."

ماوەى سێ رۆژە خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنى پێدانى دەرماڵە گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و دوێنێ بۆ بڵاوەپێکردنى خوێندکاران هێزە ئەمنییەکان دارى کارەبایى و گازى فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا و بەو هۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون.

ئەمڕۆش، هێزە ئەمنییەکان نەک تەنها گازی فرمێسک رێژ، بەڵکو تەقەیان بەسەر خوێندکارانیشدا کرد لە سلێمانی و لە دهۆکیش بە زەبری هێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا.

هەر ئەمڕۆش، لە هەریەکە لە زانکۆکانی، سلێمانی، پۆلیتەکنیکی سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕین دەوامی خوێندکاران بۆ ماوەی دوو رۆژ راگیرا و بەشە ناوخۆییەکان داخران.













گەلەری