سەردێڕ:

رێواز فایەق: بەهۆی بوونی میدیای بەهێز و ئۆپۆزسیۆنەوە کارکردنی ئەم خولەی پەڕلەمان قورسبووە

AM:11:29:23/11/2021

5780 جار خوێندراوەتەوە

رێواز فایەق سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان لە دیدارێکیدا لەگەڵ رۆژنامەنووسان کە ئێن ئاڕ تی تیایدا بەشداربوو رایگەیاند، لە خولەکانی پێشووی پەڕلەماندا بەهۆی ئەوەی تەنها یەکێتی و پارتی بوون پەسەندکردنی پڕۆژەیاسا ئاسانتر بوو.


سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت، بەڵام ئێستا هەبوونی سۆشیال میدیا و میدیا و ئۆپۆزسیۆنی بەهێز کارکردنی قورس کردووە لەم خولەی پەڕلەماندا.

ئەم قسانەی سەرۆکی پەرلەمان لەکاتێکدایە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن رەخنەی ئەوە لەسەرۆکایەتی پەرلەمان دەگرن کەئەو پرۆژە یاسایانەی کەئەوان لەپێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیاندا ئاراستەی سەرۆکایەتی دەکەن پشتگوێ دەخرێت و ناخرێتە بەرنامەی کارەوە لەبەرامبەردا پەرلەمان سەرقاڵ دەکەن بەپرۆژەی لاوەکییەوە.

پیشتر بەهۆی رێگاپێنەدانی بەخستنەڕووی داواکارییەکانی هاوڵاتیان کازم فاروق پێڵاوەکانی گرتە سەرۆکایەتی پەرلەمان و بەو هۆیەوە تائێستا لەدانیشتنەکانی پەرلەمان بێبەشکراوە، چەند جارێکیش فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن دانیشتنەکانی پەرلەمانیان بەجێهێستوە.

دوای راگرتنی دانیشتنی رۆژی ٢١ی ئەکتۆبەر مژدە مەحمود ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ رایگەیاند:" دانیشتنی پەرلەمانمان پێراگرتن چونکە دەسەلات نایەوێ بریاری دامەزراندنیان بدات، ئەبێ بڕیار بدەن لە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ نەک خەریکی قسە بن و مامۆستایان بخەڵەتێنن".

رێواز فایەق لەو گفتوگۆ رۆژنامەوانیەدایە راشیگەیاند، یەکێتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندایە لەکاتی خۆیدا و پێویستە لایەنەکان بەپەلە یاسای کۆمسیۆن هەمواربکەنەوە بۆئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆی و لە رۆژی شەشی مانگی نۆی ٢٠٢٢ بەڕێوەبچێت.

رێواز فایەق لە دیدارەکەدا وتووشییەتی، "خۆزگە لەوڵاتێکی دیموکراسی پێشکەوتوودا دەبووین"، باسی لەوەشکردووە، نەناردنی پرۆژەیاسای بودجە بەسە تاوەکو متمانە لە حکومەت بسەندرێتەوە، "بەڵام ئێرە کوردستانە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە دەرەوەی وەزارەتی دارایی نازانین داهات چەندێکە و من وەک سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاگاداری داهاتی هەرێمی کوردستان نیم."

 













گەلەری