سەردێڕ:

عێراق و سوید لەبارەى کۆچبەرانەوە لێکتێگەیشتنێکیان واژۆکرد

AM:11:51:22/11/2021

7928 جار خوێندراوەتەوە

لەشارى بەغدا و لە کۆبوونەوەیەکى نێوان وەزیرانى دەرەوەى عێراق و سوید، لێکتێگەیشتنێک لەنێوان ئەو دوو وڵاتە تایبەت بە کۆچبەران واژۆکرا.


ئەمڕۆ دووشەممە، لەمیانەى کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانی هاوبەشى وەزیرى دەرەوەى عێراق و هاوتا سویدییەکەى، فوئاد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق رایگەیاند "لەگەڵ وڵاتى سوید لێکتێگەیشتنێکى هاوبەشمان واژۆ کرد لەبارەى کۆچبەرانەوە".

وتیشى "پەیوەندییەکانى نێوان سوید و عێراق تەنها لەسەر پاڵپشتى سیاسى هاوبەش و پرسە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها پەیوەندییە بازرگانیى و ئابورییەکان، کورت ناکرێتەوە".

ئاماژەى بەوەش کرد "حکومەتى سوید پشتیوانى لە عێراق کرد لە شەڕى دژى داعش، هەروەها رێکخراوە سویدییەکان رۆڵێکى گرنگیان هەبووە لەسەرجەمى ناوچەکانى عێراق".

فوئاد حسێن گەیشتنى وڵاتەکەى بە لێکتێگەیشتى هاوبەش لەگەڵ سوید لەبوارى دۆسیەى ئەوانەى داواى مافى پەنابەرى دەکەن بە هەنگاوێکى گرنگ ناوبرد.

هاوکات لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئان لیندى وەزیرى دەرەوەى سوید ئەو هێرشانەى سەرکۆنە کرد کە کرایە سەر ماڵى مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق و ئاماژەى بەوە کرد "وڵاتەکەى هەوڵ دەدات کارى هاوبەشى دیکە لەگەڵ عێراق بکات.

وەزیرى دەرەوەى سوید جەختیشیکردەوە "وڵاتەکەى بە بەهاى دوو ملیۆن یۆرۆ هاوکارى عێراقى کردووە".

نیگەرانى خۆشى دەربڕى لە دۆخى کۆچبەرانى عێراق لەسەر سنورى بیلاروسیا و پۆڵەندا.

لەسەردانەکەیدا بۆ عێراق بڕیارە وەزیرى دەرەوەى سوید لەگەڵ سەرۆککۆمارى عێراق و سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆببێتەوە و لەپاش بەغدا بە سەردانێک بگاتە هەرێمى کوردستان و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان کۆببێتەوە.













گەلەری