سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. سەدان بارهەڵگر بە درێژایی ٢٠ کیلۆمەتر لە نێوان بیلاروسیا و پۆڵەندا گیریان خواردووە

AM:09:04:22/11/2021

10212 جار خوێندراوەتەوە

لەگرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت بە سەدان بارهەڵگر بە درێژایی ٢٠ کیلۆمەتر لەدەروازەی سنوری بۆبڕۆنیکی نێوان بیلاروسیا و پۆڵەندا گیریان خواردووە.


بەهۆی سەرهەڵدانی کێشەی کۆچبەران و کۆبوونەوەی زیاتر لە دوو هەزار کۆچبەر لەسەر سنوری نێوان بیلاروسیا و پۆڵەندا و داخستنی سەرجەم رێگەکانی نێوانیان لەلایەن حکومەتی پۆڵەندییەوە، دواجار ئەو حکومەتە دەروازەی سنوری سەرەکی نێوان وڵاتەکەیی و بیلاروسیای داخستووە بە ئامانجی رێگریکردن لە دزەکردنی کۆچبەران لەو دەروازەیەوە بۆ ناو خاکی وڵاتەکەی.

پێشتر، ماریوش بلاشاک وەزیری بەرگری پۆڵەندا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد "شەوی رابردوو جیاوازییەکی زۆری نەبووە بە بەراورد بە شەوانی رابردوو و چەندین هەوڵی شکاندنی سنور تۆمارکراون، بەڵام لە ئێستادا کۆچبەران تاکتیکی جیاواز دەگرنەبەر و بە گروپی بچوکتر هەوڵ دەدەن و لە شوێنی جیاوازەوە".

ماوەی مانگێک زیاترە قەیرانی کۆچبەران لەسەر سنوری نێوان پۆڵەندا و بیلاروسیا دروستبووە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی لە ناوچە جیاوازەکانی ئاسیا و ئەفریقاوە دەچنە بیلاروسیا و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە بگەن بە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاش بیلاروسیایان تۆمەتبارکرد "بە بەکارهێنانی کۆچبەران وەک چەکێک دژ بە ئەوروپا".

سەرەڕای ئەوەی کۆچبەرانی هەرێم نەبوونی بێ کاری و سەختی ژیان و بوونی گەندەڵی و سەدان کێشەی دیکەی ئەمنی و سیاسی و ئابوری و نەبوونی دادگەری کۆمەڵایەتی بەهۆکاری کۆچکردنیان دادەنێن، لەبەرامبەردا حکومەتی هەرێم جگە لەخەمساردی بەرامبەر دیاردەی کۆچکردن، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بەرچاوی نەناوە لەو پڕۆژە چاکسازییەی بەدرێژایی دەست بەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە بەردەوام بانگەشەی بۆدەکات و خەون و هیوای لەسەر هەڵدەچنێت.














گەلەری