سەردێڕ:

یەکێتی ئەوروپا: بە دوو شێوە هاوکاری کۆچبەران دەکەین

PM:06:44:21/11/2021

14636 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپا لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاند، ئەوان بە دوو جۆر هاوکاری پەنابەران دەکەن و ئەوانەش بریتین لە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی و رێخۆشکردن بۆ گێڕانەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتەکانی خۆیان.


ئۆرسوالا ڤۆندەر لاین سەرۆكی كۆمسێۆنی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند، لەگەڵ ئەنتۆنیۆ ڤیتۆرینۆ بەرپرسی پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی كۆچبەرانی سنوری بیلاڕوسیا گفتوگۆیان كردووە و رایگەیاند، كۆمسێۆنی ئەوروپا بەردەوام دەبێت لە ھاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆنی پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پاراستنی ژیانی کۆچبەران و هەوڵدان بۆ ئەوەی بتوانن رێخۆش بکەن بۆ گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و میگڵ بەرگر وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا "پێداگرییان کرد لەسەر گەڕانەوەی کۆچبەرە گیرخواردووە عێراقییەکان لەسەر سنوری بیلاڕوسیا و پۆڵەندا بۆ عێراق بەشێوەیەکی ئارەزومەندانە."

ئەمەش لە کاتێکدایە، ١٨ی ئەم مانگە وەزارەتى دەرەوەى عێراق ئاماژەى بەوەکرد، بەڵگەنامەى گەشتکردنى ٤٣٠ کۆچبەرى عێراقى گیرخواردووى سنورى بیلاروسیایان تەواوکردووە و گەڕێنرانەوە بۆ عێراق و داواشیان لە هەموو کۆچبەرە عێراقییەکان کردووە بەشێوەی خۆویستانە بگەڕێنەوە.

ماوەی زیاتر لە مانگێکە قەیرانی کۆچبەران لەسەر سنوری نێوان بیلاروسیا و پۆڵەندا دروستبووە و بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپاش سەرۆکی بیلاڕوسیا تۆمەتبار دەکەن بە بەکارهێنانی کۆچبەران وەک چەکێک دژی یەکێتییەکە دوای ئەوەی سزایان بەسەردا سەپاندووە.













گەلەری