سەردێڕ:

ناسا هەوڵدەدات رێڕەوی هەسارۆکەیەک بگۆڕێت

AM:09:39:20/11/2021

4556 جار خوێندراوەتەوە

لە تاقیکردنەوەیەکی ستراتیجیدا، ئاژانسی ناسای ئەمریکا پلانی داناوە بۆهەڵدانی موشەکێک بە ئامانجی گۆڕینی رێڕەوی هەسارۆکەی "دیمۆرفۆس".


گۆڤاری نەیچەری زانستی بڵاویکردەوە، ئاژانسی ناسای ئەمریکا پلانی داناوە وەک تاقیکردنەوەی ئەگەری گۆڕینی رێڕەوی ئەو هەسارۆکانەی هەڕەشەن بۆ سەر زەوی، موشەکێک ئاراستەی هەسارۆکەی "دیمۆرفۆس" بکات.

ناسا ئاماژەی بەوەشداوە، هەسارۆکەی "دیمۆرفۆس" هیچ مەترسییەکی بۆ سەر زەوی نییە، ئامانج لە ئاراستەکردنی موشەکەکەش بە ئامانجی ئەوەیە تا بزانن ئایا دەتوانرێت رێڕەوی ئەو هەسارۆکانە بگۆڕدرێن کە مەترسی و هەڕەشەن بۆ سەر زەوی؟.

ئادی ریفیکین زانا لە بوارى هەسارەناسیدا لە زانکۆی جۆنز هۆبکنز رایگەیاند، ئەگەری بوونی چەند تەنێکی قەبارە گەورە کە مەترسین بۆ سەر زەوی، پێویستە هەوڵ بدرێت رێرەوەکانیان بگۆڕدرێت ئەگەر هەوڵەکە شتێکی کەمیش بێت.

دەشڵێت، ئەم هەنگاوەی ناسا هەوڵدانێکە بە ئامانجی دورخستنەوەی مەترسیی لەسەر زەوی.

لەلایەن خۆیەوە، نانسی شابوت زانا و پسپۆر لە هەسارەناسیدا ئاماژەی بەوەدا، تاقیکردنەوە گریمانەیەک دەدات بەدەستەوە کە بریتیە لە بەریەککەوتنی موشەکەکان و هەسارۆکەکان کە رەنگە جۆرێک لە پاڵپێوەنابێت بۆ دورخستنەوەی هەسارۆکەکان لەزەوی و ئەگەری بەریەککەوتنیان لەگەڵ هەسارەی زەویدا.

ئاشکراشی کرد، تاقیکردنەوەکە پارێزراوە و هیچ مەترسییەکی بۆ سەر زەوی نابێت و لە دوری ١١ ملیۆن کیلۆمەتر لە هەسارەی زەوییەوە ئەنجامدەدرێت.

ئاژانسی ناسا ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو گالیسکەیەی لە تاقیکردنەوەکەدا بەکاردەهێنرێت بۆ ناردنی موشەکەکە بە ئاراستەی هەسارۆکەکان ناوی "دارت"ە.

دەشڵێت، گالیسکەکە و موشەکەکە ئاراستەی هەسارۆکەکانی "دیمۆرفۆس" و "دیدیمۆس" دەکرێت کە یەکێکیان بە دەوری ئەوی تریاندا دەسوڕێتەوە کاتێک هەردووکیان پێکەوە بەدەوری خۆردا دەسوڕێنەوە.

لەبارەی وادەی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە، ئاژانسی ناسای ئەمریکی ئاشکرای کرد، لە ٢٣ی ئەم مانگەدا موشەکەکە ئاراستەی هەسارۆکەی "دیمۆرفۆس" دەکرێت و ئەگەر سەرکەوتو بوو ئەوا لە مانگی ئەیلول یان تشرینی یەکەمی ساڵی داهاتوو موشەکەکە بەر هەسارۆکەکە دەکەوێت کە خێراییەکەی بریتییە لە ٦.٦ کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا ئاژانسی ناسا رایگەیاند، ئەمڕۆ، هەسارۆکەیەک لە زەوی نزیکدەبێتەوە و هیچ مەترسییەکی پێشبینیکراو لەسەر هەسارەی زەوی دروست ناکات.

لە ئێستادا ئاژانسەکە چاودێری زیاتر لە ٢٧ هەزار هەسارۆکەی جیاواز لە گەردوندا دەکات، کە بەشێکیان دێنە ناو بەرگە هەوای زەوییەوە و دەکەونە خوارەوە بێ ئەوەی هیچ زیانێکیان بۆ زەوی هەبێت.

لەهەمانکاتدا بەشێک لە توێژەران لەهەوڵی دۆزینەوەی رێگە چارەیەکن بۆ دورخستنەوەی زەوی لە ئەگەری بەریەککەوتن لەگەڵ هەسارۆکەکاندا کە نزیکەی ٦٦ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لە ئەنجامی بەریەککەوتنی هەسارۆکەکان بەزەوی دەیناسورەکان لەناوچوون و شێوازی ژیانیان لەسەر زەوی گۆڕیوە.


کـ ، ئـ













گەلەری