سەردێڕ:

موقتەدا سەدر بڕیارێکى لەبارەى لیوایەکى چەکدارى رەوتەکەى دەرکرد

PM:06:03:19/11/2021

6888 جار خوێندراوەتەوە

موقتەدا سەدر رێبەرى رەوتى سەدر لەمیانەى بڵاوکردنەوەى تویتێکدا بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى لیواى یەومولمەوعودى رەوتەکەیى و داخستنى بارەگاکانى، راگەیاند.


موقتەدا سەدر لە بەشێکى تویتەکەیدا ئاماژەى بەوە کردووە "وەک نیازپاکییەک لەمنەوە بڕیارمدا بە هەڵوەشاندنەوەى لیواى یەومولمەوعود و داخستنى سەرجەمى بارەگاکانى".

ئەوەشى روونکردۆتەوە کە پێشتر ئەو هێزە سەرجەمى چەکەکانیان رادەستى سەرایاى سەلام کردبوو کە لە ئێستا سەرایا سەلام بوونەتە لیواى ٣١٣ و ٣١٤ و ٣١٥ى سامەرا.

دەشڵێت "ئەو کاتەى فەرمانى ئەوەم پێکردن چەکەکانیان رادەست بکەن کردیان و ئەوان هێشتا دڵسۆزن بۆ ئێمە و نیشتیمانەکەیان".

رێبەرى رەوتى سەدر داوا دەکات ئەگەر هەر چەکێکى تر مابێت لەلاى ئەو هێزە لەماوەى ٤٨ کاتژمێردا رادەستى بکەن بۆ ئەوەى ئەمە ببێتە هەنگاوێکى سەرەتا بۆ نەهێشتنى هێزى چەکدار لە عێراق و رادەستکردنى چەکەکانیان و داخستنى بارەگاکانیان.

هیواشیخواست کە ئەمە ببێتە پەیامێکى ئاشتیخوازانە بۆ سەرجەمى گەلى عێراق.

بڕیارەکە لە کاتێکدایە کە ئێوارەى دوێنێ پێنجشەممە، موقتەدا سەدر داوایکرد گروپە چەکدارەکان چەکەکانییان رادەستی حکومەتی عێراق بکەن و حەشدی شەعبی لە چەکدار و گروپە بێ سەرپەرشتییارەکان پاک بکرێتەوە.

حەشدی شەعبی ساڵی ٢٠١٤ لە ژمارەیەک گروپ و چەکداری خۆبەخش کە زۆرینەیان شیعەن، بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێکهێنرا و لە ئێستادا بەشێکە لە هێزە چەکدارەکان کە لە چوارچێوەی سیستمی بەرگریی عێراقدا رێکخراون و پێشتر سەرۆکی دەستەکە ژمارەی چەکدارەکانی حەشدی شەعبی ئاشکراکرد و وتی، "ژمارەی ئەندامانی حەشدی شەعبی ١٤٩ هەزارە کە ٤٠ هەزاریان لە ناوچەکانی رۆژئاوان کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی سونە مەزهەبن.








گەلەری

‌بەپەلە