سەردێڕ:

سێیەم وڵات بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی ئێرانیی دەرکرد

AM:08:47:19/11/2021

10856 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران-ئازەربایجان رایگەیاند، حکومەتی ئازەربایجان هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی ئێرانیی بۆ وڵاتەکەی راگرتووە.


حسێن پوور موئەزن سەرۆکی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران-ئازەربایجان بڕیاری حکومەتی ئازەربایجانی تایبەت بە راگرتنی هاوردەی ئۆتۆمبێلی ئێرانیی بۆ "هۆکاری سیاسیی" گەڕاندەوە.

حسێن پوور باسی لەوەشکردووە، سەرەرای ئەوەی لێکتێگەشتن و بەرەوپێشچوونی باش بوونی هەبووە لەنێوان هەردوو وڵاتدا لەبارەی دروستکردن و هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی ئێرانی بۆ وڵاتی ئازەربایجان لەماوەی چوار ساڵی پێشوودا و کردنەوەی لقێکی دروستکردنی ئۆتۆمبێلی ئێرانی لەناو ئازەربایجان، لە ئێستادا هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلەکان راگیراون بە هۆکاری ئەوەی ئێران رایگەیاند مانۆڕی سەربازی لەسەر سنوری نێوان وڵاتەکەی و ئازربایجان ئەنجامدەدات وەک کاردانەوەیەک بۆ مانۆڕی هاوبەشی نێوان تورکیا و ئازەبایجان و پاکستان لەسەر سنورەکانی باکوری ڕۆژئاوای ئێران.

هاوکات، ئەمەش یەکەمجار نییە کە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی ئێرانیی لەلایەن وڵاتانەوە رابگیرێت و بە هۆکاری سیاسی و تەکنیکی و سیاسی یاخود بەهۆی سزا داراییەکانی ئەمەریکا دژی تاران، لەماوەی رابردوودا عێراق بڵاویکردەووە کە چیتر رێگە نادات بە هەناردەکردنی ئۆتۆمبێلی ئێرانیی بۆ ناو خاکی وڵاتەکەی بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلەکان بەپێی پێویست پێوەرە نێودەوڵەتییەکانیان تێدا نییە.

پێشتر ژووری بازرگانی ئێران لە راگەیاندراویکدا باسی لەوەشکردبوو، حکومەتی سوریا مۆڵەتی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی ئێرانیی بۆ وڵاتەکەیان راگرتووە بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک و رێگە بە هاوردەکردنی هیچ ئۆتۆمبێلێک نادات جگە لە ناوخۆییەکان بەهۆی بوونی جەنگەوە لەناوخۆی وڵاتدا.













گەلەری