سەردێڕ:

دوایین زانیارى لەبارەى جموجۆڵەکانى سەدر بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق

AM:09:08:06/11/2021

8408 جار خوێندراوەتەوە

بەر لە پەسەندکردنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى پێشوەختەى عێراق، لەبەغداوە جموجۆڵە سیاسییەکان دەستیانپێکرد بۆ دروستکردنى هاوپەیمانێتییەکى بەهێز بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق و دابەشکردنى پۆستەکانى سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و سەرۆکى پەرلەمان.


جموجۆڵەکان بە گەیشتنى موقتەدا سەدر رێبەرى رەوتى سەدر بۆ بەغدا و کۆبوونەوەى لەگەڵ سەرکردەى هەندێک لە لایەنە سیاسیەکان دەستیپێکرد، لەو چوارچێوەیەدا سەدر لەگەڵ محەمەد حەلبوسى سەرۆکى هاوپەیمانى تەقەدوم و عەممار حەکیم سەرۆکى رەوتى حیکمە و لەمەکتەبى سیاسى رەوتەکەشى وەفدێکى رەوتى سەدر لەگەڵ وەفدێکى پارتى دیموکراتى کوردستان کۆبوونەوە.

چاودێرانى سیاسى لەو بڕوایەدان ئەم جموجۆڵە نوێیە سیاسییانە دەشێت لێکتێگەیشتنەکان و روانینى هاوپەیمانێتییە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانى سێ سەرۆکایەتییەکە خێراتر بکەن.

لەو بارەیەوە ئەرشەد ساڵحى، کاندیدى دەرچووى بەرەى تورکمانى بۆ پەرلەمانى عێراق لە لێدوانێکدا بە ئاژانسى هەواڵى عێراقییەى راگەیاند "هەمووان لە چاوەڕوانى ئەنجامى جموجۆڵى لایەنە سیاسییەکانین بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکى بەهێز بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق".

وتیشى "لەگەڵ دروستبوونى هاوپەیمانێتییەکى بەهێز لەنێوان لایەنە سیاسییەکان ئەو کات روانیینەکان یەکدەخرێن بۆ ریککەوتن لەسەر دەستنیشانکردنى سەرۆک وەزیران و پێکهێنانى حکومەت".

بەپێویستیشیزانى پێکهێنانى حکومەت نوێنەرایەتى سەرجەمى پێکهاتەکان بکات.

هاوکات مەنار عوبەیدى وتەبێژى فراکسیۆنى ئیمتیداد بە ئاژانسە عێراقییەکەى وتووە "کۆبوونەوەى نێوان هاوپەیمانێتییەکان هەڵوێستێکى دیاریکراوى بۆ هەموو فراکسیۆنەکان بەتایبەت فراکسیۆنە گەورەکان دەرخستووە".

رونیشیکردەوە "فراکسیۆنە بچووکەکان بەرەو بەرەیەکى ئۆپۆزسیۆنى پەرلەمانى دەچن".

ئاماژەى بەوەش کرد کە "پێدەچێت لە چەند رۆژى داهاتوودا گۆڕانکاریى لە کۆى روانینەکانى فراکسیۆنەکان دروست بێت".

عیسام فەیلى، شیکارى سیاسیى بۆ ئاژانسى هەواڵى عێراقییەى روونکردەوە سەرەڕاى ئەو فشارانەى کە لەلایەن هەندێک هێزى سیاسەوە دەکرێت، بەڵام جموجۆڵە سیاسییەکان بەرەو پێکهێنانى حکومەتى زۆرینە دەچێت".

ئاماژەى بەوەش کرد کە حکومەتى تەوافوقى سەرکەوتوو نەبووە و لە رابردوودا هاوکار بووە لە خوڵقاندنى دۆخى خنکێنراوى وڵات و لەپاشان ئەم کێبرکێیە لەسەر دەسەڵات لەعێراق بوونى نەماوە.

ئیحسان شەمەرى شیکارى سیاسى بە ئاژانسە عێراقییەکەى وتووە "سەرجەمى ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە لێکتێگەیشتن هەیە لەنێوان فراکسیۆنەکان و لە ٨٠%ى هێزە شیعەکان لەگەڵ دیالۆکدان لەگەڵ لایەنە سەرەکییەکانى سوننە و کورد ، بەئامانجى دەستنیشانکردنى سێ سەرۆکایەتییەکە و لەپاشان پێکهێنانى نەخشەى سیاسى داهاتوو".

ئەو شیکارە سیاسییە روونیشیکردەوە "پرۆسەى لێکتێگەیشتنەکە سەرەتا لەسەر دیاریکردنى سەرۆکوەزیران و کابینەى داهاتووى حکومەتى عێراق دەبێت".

حەمزە مستەفا چاودێریى سیاسى ئاماژەى بەوە کرد کە نەخشەى سیاسى داهاتووى عێراق هەتا ئێستا روون نییە، بەهۆى ئەوەى ناکۆکییەکان لەبارەى ئەنجامەکانى هەڵبژاردنەکە بوونى هەیە و هەتا ئێستاش دادگاى ئیتیحادى ئەنجامەکانى پەسەند نەکردووە.

جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە کە جموجۆڵە سیاسییەکان وا نیشاندەدەن کە هەنگاوەکان بەرەو پێکهێنانى هاوپەیمانێتییەکى ستوونى دەچن نەک ئاسۆیى، بەو واتایەى کە دواجار هاوپەیمانێتییەکى سیاسیى شیعى لەگەڵ لایەنێکى سیاسى کوردیى و سوننى دروستدەکرێت و زۆرینەیەکى سیاسى پێکدەهێنرێت بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق.

 

ئەمە لەکاتێکدایە لە هەرێمى کوردستان جوڵانەوەى نەوەى نوێ وەک براوەى دووەمى هەڵبژاردنە پێشوەختەکەى عێراق لە هەرێمى کوردستان و خاوەن (٩) کورسى پەرلەمانى عێراق ئۆپۆزسینبوونى خۆى لەناو پەرلەمان راگەیاند و بەشداریکردنى لە پێکهێنانى حکومەتى عێراق رەتکردەوە و لەدواى ئەویش یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان کە خاوەنى (٤) کورسى پەرلەمانە ئەویش رەتیکردەوە لە پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراقدا بەشدارى بکات.

رۆژی ١٨ی مانگ، پاش ئاشکراکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و بە دەستهێنانی ٩ کورسی و بوونی بە دووەم هێز لەسەر ئاستی هەرێم، جوڵانەوەی نەوەی نوێ پرۆژەیەکی بۆ یەکریزی کورد و گۆڕانکاری راستەقینە لە هەرێم و رێکخستنی نێو ماڵی کوردی خستەڕووو جەختیشی کردەوە، کە هیچ پۆست و وەزارەتێکیان لە بەغدا ناوێت، سەرەڕای ئەوەی دووەم هێزن لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی پرۆژەکەیان بۆ پلە و پۆست بۆ خۆیان نەخستووەتەڕوو.

شەوى رابردووش شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، یەکەم جارە هێزێکی سیاسی نۆ کورسی پەرلەمانی عێراق بهێنێت و بە ئاشکرا و راستەوخۆ بە هەموو هێزە کوردی و عێراقییەکان رابگەێنێت کە هیچ پۆست و وەزارەتێکی ناوێت، بەڵکو دەڵێت فەرموون ئەمە نۆ کورسییەکە، بەڵام ئێوە چی بۆ کورد و چی بۆ خەڵک دەکەن؟".

ئاماژەی بەوەشكردووە، "یەکەم جارە لە مێژوی نوێی عێراق و لە دوای روخانی رژێمی سەدامەوە ئەگەر هەر هێزێک بێت و لەگەڵمان دابنیشێت، پێی دەڵێین فەرموو ئەمە نۆ کورسیەکەی ئێمە، بەڵام چی بۆ خەڵک و هاوڵاتییان دەکەن؟ چونکە خۆمان هیچمان ناوێت."


 

ش.م








گەلەری