سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. شکستپێهێنانی پلانێکی داعش بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەیەکی روسیا

AM:11:46:22/10/2021

9952 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی ئاسایشی فیدڕاڵی وڵاتی ڕوسیا رایگەیاند، ئەندامێکی سەر بە گرووپی چەکداری داعش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە کە بەنیاز بووە هێرشی چەکداری لە هەرێمی ستافروبول ئەنجامبدات.


ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیاندراوێکیدا دەستەی ئاسایشی فیدڕاڵی باسی لەوەکرد، ئەو ئەندامەی سەر بەداعش بەنیازبوو پلانی هێرشکردنی چەکداری بۆ سەر دامەزراوەیەکی ژێرخانی ئابوری سەر بە وەزارتی گواستنەوە لەڕێگەی بۆمبی چێنراوەوە ئەنجامبدات.

لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، هێزە ئەمنییەکان لەڕێگەی پشکنینی شوێنی حەوانەوەی ئەو کەسەوە توانیان دەست بەسەر چەندین پارچە و ماددەی تەقینەوەدا بگرن.

گرووپی چەکداری (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام) ناسراو بە داعش، لەساڵی ٢٠١٣دا دامەزرا و لەساڵی ٢٠١٤شدا، توانی دەستبگرێتبەسەر بەشێکی زۆر لە خاکی هەردوو وڵاتی سوریا و عێراق، دواتریش لەساڵی ٢٠١٧دا، حکومەتی عێراق بە پاڵپشتی هێزەکانی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە و بە پشتیوانی هێزەکانی هاوپەیمانان، کۆتاییهاتنی زەمینی ئەو گرووپەیان لە عێراق راگەیاند.













گەلەری