هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی گرووپێكی لەژێر ناوی (CTS) بڵاوکردەوە کە بە سەرپەرشتی کەسێك بە ناوی گۆڤەند ناسراون و لەماوەی رابردوودا چەندین کاری نەشیاو و ڤیدیۆی نەشیاویان بە کوڕ و کچی گەنج ئەنجامدەدا.
ئەو گروپە کە کاریان بریتی بوو لە دروستکردنی تۆڕی بەرفراوان و مەترسیدار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ خەڵەتاندنی گەنجانی شارەکانی هەرێمی کوردستان.
وەک لە ڤیدیۆی دانپێدانانەکەدا دەردەکەوێت، چەند کەسێکی قوربانی کەیسەکە و بەشدار لە
کەیسەکەدا دان بە کارکردن لەگەڵ گۆڤەنددا دەنێن و باس لەوە دەکەن، کە کاریان بۆ
گۆڤەند کردووە و ڤیدیۆی نەشیاوی گەنجەکانی دیکەیان بۆ گۆڤەند پەیدا کردووە
وناردووە.
ئەو کەسانە دان
بەوەدا دەنێن، کە گۆڤەند لەرێگای ئەو ڤیدیۆ نەشیاوانەوە هەڕەشەی لە کوڕ و کچانی
دیکە کردووە و پارەی لێوەرگرتوون، یاخود ڤیدیۆی پێتۆمارکردوون.
لە کۆتایی مانگی
ئابی رابردوودا، ژمارەیەک گەنجی کورد ڤیدیۆیەکیان بڵاودەکردەوە و ناویان لێنابوو پەشیمان
بوونەوە، لە بەرامبەر گەنجێکی کورد بەناوی (گۆڤەند).
لە گرتە ڤیدیۆیەکاندا
کچان و کوڕان پەشیمانىیان دەردەبڕی و وەک دەیانوت، بەرامبەر بەو کارەى کردوویانە و
دووبارەی ناکەنەوە، لەگەڵ دەربڕینى هەندێک وشەى نەشیاو لەکاتى پەشیمان دەربرینەکەیاندا.لەسەر ئەوە بابەتەش ئێن ئاڕ تى راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و دواتر دەستەی
مافی مرۆڤ وتی، کە لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێدەکەن.
وەک لە سەرەتادا زانرا، گۆڤەند تەنها کەسێک نەبوو، بەڵکو لەژێر
ئەو ناوەدا چەند کەسێک هاوشێوەی باندێک کاریان کردووە و زیاتر لە ٢٠ کوڕ و کچی گەنج
لە تۆڕی کۆمەڵایەتی کڵەب هاوس کەوتونەتە داویان.
باندەکە جگە لە
بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ هەزاران دۆلاریان لە کچان و ژنان سەندووە.