سەردێڕ:

کازمی بۆچی سەردانی ئەمریکا دەکات؟

PM:02:03:18/07/2021

5088 جار خوێندراوەتەوە

راوێژكارێکی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، ئامانجه‌كانی سه‌ردانه‌كه‌ی كازمی بۆ ئەمریکا ئاشكراكرد و دەڵێت، کازمی كارده‌كات بۆ گواستنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ واشنتن بۆ چوارچێوه‌یه‌كى ئابورى.


حسێن عه‌لاوى راوێژكاری مستەفا کازمی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، "سه‌ردانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی بۆ ئه‌مریكا زۆر گرنگه‌ و به‌شێكه‌ له‌ چوارچێوه‌ی دیالۆگی ستراتیژی عێراقی - ئه‌مریكی به‌قۆناغێكى نوێوه‌ ده‌بێت، دواى سێ گه‌ڕى سه‌ركه‌وتوو له‌دیالۆگى ستراتیژى كه‌ بووه‌ هۆى كه‌مكردنه‌وه‌ى هێزه‌ راوێژكاره‌كانى ئه‌مریكا له‌نێو هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى".

ئاماژەی بەوەشکردووە، به‌رده‌وامیدان به ‌شه‌ڕى دژى داعش به‌ هاوبه‌شى هه‌واڵگرى و پرۆگرامى ئاماده‌كردن و رێكخستن و مه‌شقپێكردنى هێزه‌چه‌كداره‌كانى عێراق دەبێت.

حسێن عه‌لاوى دەشڵێت، ئه‌مریكا گرنگى عێراق ده‌زانێت له‌ ستراتیژییه‌تەکانی له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و تواناى سه‌ركردایه‌تى عێراق و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى قه‌یرانه‌كان و رۆیشتن به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنى ئازاد بە گرنگ دەزانێت.

رۆژی شەممە، کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، ٢٦ی تەمموز جۆ بایدن لە کۆشکى سپى پێشوازى لە مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق دەکات و باس لە گفتوگۆى ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق و بوارەکانی رۆشنبیری و تەندروستی و وزە و روبەڕوبوونەوەی دژ بە داعشیش دەکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ١٥ى ئەم مانگە، برێت مەکگۆرک رێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانى عێراق کۆبووەوە و باسى لە کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لەو وڵاتە و ئامادەکارییەکانى هەڵبژاردن کرد.













گەلەری