سەردێڕ:

ئەمەریکا هەڵپەساردنى کارى باڵیۆزخانەکەى لە کابوڵ راگەیاند

AM:08:58:31/08/2021

3456 جار خوێندراوەتەوە

وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا کۆتایهاتنى یەکێک لە قۆناغە سەختەکانى مێژووى وڵاتەکەى راگەیاند و هەڵپەساردنى کارى باڵیۆزخانەى وڵاتەکەى لە کابوڵ ئاشکرا کرد.


ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنتۆنى بلینکن وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا لەمیانەى کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ئاماژەى بەوە کرد "ئەمەریکا کارى باڵیۆزخانەکەى لە کابوڵ هەڵپەساردووە و سەرجەمى کارمەندانى باڵیۆزخانەکەى گواستۆتەوە بۆ شارى دەوحە و لەوێ بەردەوام دەبن لە رایکردنى کارى کونسوڵخانەکە".

وتیشى "لەشارى دەوحەوە تیمێکى نوێمان پێکهێناوە بۆ سەرکردایەتیکردنى قۆناغى داهاتووى کارەکانمان لەبارەى وڵاتى ئەفغانستانەوە".

لێدوانەکە لەکاتێکدایە شەوى رابردوو میدیاکانی جیهان رایانگەیاند، ئەمشەو دوایین فڕۆکەی ئەمریکی کابول جێدەهێڵێت و بەوەش تەواوی هێزە ئەمریکییەکان لەو ناوچەیە دەکشێنەوە.

لەو بارەیەشەوە وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، ئەمشەو دوایین هاوڵاتییە ئەمریکییەکان لە کابوڵەوە دەگوازنەوە بۆ دەرەوە.

رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، چەکدارانی تاڵیبان پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیاتر لە ٢٠ ویلایەتی ئەفغانستان، چوونە نێو کابوڵی پایتەختەوە و دوای چەند کاتژمێرێکیش، ئەشرەف غەنی سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان، وڵاتی بەجێهشت و لەپەیامێکیشیدا رایگەیاند، "بەهۆی ئەوەی نەیویستووە خوێن بڕژێت، ئامادە نەبووە روبەڕوی بزوتنەوەی تاڵیبان ببێتەوە."









گەلەری