سەردێڕ:

سندوقی نیشتەجێبوون بڕی پێشینەی دراو بە هاوڵاتییان بۆ خانوبەرەی ئاشکراکرد

PM:11:59:03/07/2022

6024 جار خوێندراوەتەوە

سندوقی نیشتەجێبوونی سەر بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق رایگەیاند، تەنها لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ٧٣٦ ملیار دینار وەک پێشینەی خانوبەرە دراوە بە هاوڵاتییان.


ئەمڕۆ یەکشەممە، سندوقی نیشتەجێبوونی سەر بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، تەنها لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە سەرتاسەری پارێزگاکانی عێراقم جگە لە هەرێم، بڕی ٧٣٦ ملیار و ٨٤٢ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دینار وەک پێشینەی خانوبەرە دراوە بە هاوڵاتییان.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەمانگی رابردوودا بڕی ١٥٥ ملیار و ٢٧٢ ملیۆن و ٥٠ هەزار دینار وەک پێشینەی خانوبەرە دراوە بە هاوڵاتییان.

راگەیەنراوەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٢١ هەزار و ٤٢٠ مامەڵەی ئەلیکترۆنی بۆ وەرگرتنی پێشینەی خانوبەرە قەبوڵکراوە، لە مانگی رابردووشدا سێ هەزار و ٨٢٨ مامڵەی ئەلیکترۆنی قەبوڵکراوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٣٣ هەزار و ٤١ مامەڵەی دروستکردنی خانوبەرە کەشفی بۆ کراوە و لە مانگی رابردووشدا پێنج هەزار و ٩٨١ مامەڵە کەشفی بۆکراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠١٢ ەوە لە هەرێمی کوردستان بە بیانوی دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش و ئەو قەیرانە ئابوری و داراییەی رووی لە هەرێم کرد، حکومەتی هەرێم سەرجەم پێشینە جۆراوجۆرەکانی راگرت. لە ئێستادا لە شەڕی داعش کۆتایی هاتووە و داهاتی نەوتی و نانەوتی و ناوخۆ و خاڵە سنورەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە و مانگانە حکومەتی فیدڕاڵیش بڕی ٢٠٠ ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەران دەنێرێت، هێشتا حکومەتی هەرێم دەستی بە پێدانی پێشینەکان نەکردووەتەوە.













گەلەری