سەردێڕ:

ئیدارەی سۆران نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکانی دیاریکرد

PM:10:02:03/07/2022

1572 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، نرخی یەک ئەمپێر کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ مانگی شەش ١٦ هەزار و ٥٠٠ دینار دەبێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، وەفا سەید خان وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، نرخی یەک ئەمپێر کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ مانگی شەش ١٦ هەزار و ٥٠٠ دینار دەبێت.

ئاماژەی بەوەشدا، نرخی یەک کاتژمێر پێدانی کارەبا لەلایەن مۆلیدە ئەهلییەکانەوە بە هاوڵاتییان ٥٦ دینارە.

وتیشی، کاتی کارکردنی مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ پێدانی کارەبا بە هاوڵاتییان ٢٩٥ کاتژمێر کاریان کردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ تارق سەبین سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، نرخی کارەبای مۆلیدە بۆ مانگی شەش لە شاری سلێمانی دیاریکراوە و بە نزیکەیی لە نێوان ١٥ هەزار و ٥٠٠ دینار بۆ ١٧ هەزار و ٥٠٠ دینار بۆ هەر ئەمپێرێک دیاریکراوە.

رزگار کۆچەر پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە هەولێر لە زاری چاوگێک لە لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێرەوە رایگەیاند، نرخی یەک ئەمپێر کارەبای مۆلیدە لە هەولێر لە نێوان ١٨ بۆ ٢٠ هەزار دیناردا دەبێت.

دوێنێش لە دهۆک نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە دیاریکرا کە تێکڕا بە ٢٠ هەزار دیناری عێراقی بۆ هەر ئەمپێرێک دانرابوو، لە هەندێک گەڕەکیش کەمتر و لە هەندێکی دیکە زیاتر بوو، ئەوەش ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی لێکەوتەوە و باسیان لەوەدەکرد، نرخەکەی زۆرە و بارگرانییە بەسەر هاوڵاتیانەوە.

لەبارەی نرخی یەک ئەمپێری کارەبای مۆلیدەشەوە لە بەغدا کە پایتەختی عێراقە، زیاد محەمەد پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغداوە باسی لەوەکرد، نرخی یەک ئەمپێری کارەبای مۆلیدە لە شاری بەغدا لە نێوان ١٢ بۆ ١٥ هەزار دیناردایە.

بەوپێیەش شاری هەولێر و دهۆک بۆ مانگی رابردوو زۆرترین نرخیان هەیە بۆ یەک ئەمپێری کارەبای مۆلیدە، کە بەنزیکەیی زیاترە لە ٢٠ هەزار دینار.

لەبارەی نرخی کارەبای موەلیدەوە لە قەزای کۆیە، بەگوێرەی بەدواداچوونی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، نرخی هەر ئەمپێرێک کارەبا بە ١٨ هەزار و ٧٥٠ دینار دیاریکراوە.

لە سنوری ئیدارەی گەرمیانیش نرخەکە پێشبینی دەکرێت بە نزیکی لە نێوان ١٦ هەزار و ٥٠٠ دینار بۆ ١٨ هەزار دینار بێت.

 

 

کەریم کەیفی - سۆران













گەلەری