سەردێڕ:

لە هەڵبژاردنی لوبناندا حزبوڵا و هاوپەیمانەکانی زۆرینەی پەرلەمانییان لەدەستدا

PM:03:17:17/05/2022

2964 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری ناوخۆی لوبنان ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لوبنانی راگەیاند ئاشکرای کرد حیزبوڵا و هاوپەیمانەکانی لەم خولەی پەرلەماندا زۆرینەی پەرلەمانییان لەدەستداوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، بەسام مەولەوی وەزیری ناخۆی لوبنان ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەی راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا، حیزبوڵا و هاوپەیمانەکانی لەم خولەدا زۆرینەی پەلەرمانییان لەدەستداوە.

ئاشکراشی کرد، ١٣ کاندیدی سەربەخۆ توانییویانە کورسییەکانی پەرلەمان بۆ خۆیان مسۆگەربکەن و ١٢ کاندید لەوان پێشتر هیچ پۆستێکی سیاسی و ئیدارییان نەبووە، لەکاتێکدا تا ئێستاش پۆستەکانی لوبنان بەشێوەی پشک پشکێنە بەسەر لایەنەکاندا دابەشدەکرێن.

سەرکەوتنی ١٢ کاندیدی سەربەخۆ، ئەو ئەگەر بەهێزە دروستکردووە کە بتوانن لەگەڵ کاندیدە سەرکەوتووە سەربەخۆکانی دیکە یەک فراکسیۆنی سەربەخۆ پێکبهێنن.

بەگوێرەی ئەنجامەکان، حیزبوڵا و جوڵانەوەی ئومێدی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی نەبیە بیڕی، توانیویانە سەرجەم کورسییەکانی تایبەت بە پێکهاتەی شیعە لە لوبنان کە بریتییە لە ٢٧ کورسی مسۆگەری بکەن، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاو کورسییان لە بازنەکانی دیکەی هەڵبژاردن لە دەستداوە.

دوێنێ دووشەممە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری چاوگێکی نزیک لە حیزبوڵاوە بڵاویکردەوە، پێشبینیدەکرێت حیزبوڵا و هاوپەیمانەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو کورسی پەرلەمانی لەدەست بدەن و نەتوانن ئەمجارە زۆرینەی پەرلەمانی بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.

تا ئێستا دەنگەکانی دەرەوەی وڵات بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە جیا نەکراونەتەوە، هەربۆیە هێشتا بەتەواوەتی دەرنەکەوتووە کورسییەکانی پەرلەمان چۆ بەسەر لایەنەکاندا دابەشبووە.

لە خولی پێشووی پەرلەماندا، حیزبوڵا، کە پارتێکی سیاسی ئاینیە و خاوەنی هێزی چەکدارە و لە پەیڕەوکارانی مەزهەبی شیعەی دوانزە ئیمامین و لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت، لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا لەکۆی ١٢٨ کورسی پەرلەمان توانی بوویان ٧٠ کورسی بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن و زۆرینەی پەرلەمانی بەدەست بهێنن.













گەلەری