سەردێڕ:

خۆپیشاندانی توێژە جیاکانی هەرێم بەهۆی دواکەوتنی موچەوە دەستیپێکرد

AM:10:18:08/05/2022

7376 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیان خۆپیشاندانیان کرد و رێگای سەرەکی سلێمانی – تاسڵووجەیان داخست. چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمیش دەڵێت، "پارەی زیاد لە پێویست بۆ موچەی مانگی نیسان لەبەردەستی حکومەتدایە".


ئەمڕۆ یەکشەممە، بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیانەوە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی گردبوونەوە و رێگای سەرەکی نێوان سلێمانی تاسڵوجەیان داخست.

مامۆستایەکی زانکۆ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، حکومەتی هەرێم بە جۆرێک ژیانی هاوڵاتیانی سەخت و دژوار کردووە، کە دەبێت سەرەیکترین داواکارییان موچە بێت و بەردەوامیش لە چاوەڕوانی هەواڵدبن داخۆ کەی موچەکانیان دابەشدەکرێت.

مامۆستایان ئاماژە بەوەدەدەن، تا ئێستا موچەی مانگی "ئادار" سێیان وەرنەگرتووە. دەشڵێن، نیگەرانن لەو جیاوازییە ئیدارییەی لە نێوان پارێزگاکاندا دەکرێت بەگوێرەی ئەوەی هەردوو پارێزگای دهۆک و هەولێر موچەکانیان وەرگرتووە.

 

هەروەها، لە رانیە زیاتر لە هەزار فەرمانبەر و ژینگەپارێز بەهۆی دوورخرانەوەیان لە کارەکانیان و پێنەدانی موچەکانیان گردبوونەوە.

ژینگە پارێزانی رانییە لەبەردەم سەرۆکایەتی شارەوانی رانیە گردبوونەوە و داوای پێدانی موچەی ٦٨ رۆژیان دەکەن. دەشڵێت، سەرۆکایەتی شارەوانی بەرپرسی سەرەکییە لە پێنەدانی موچەکانیان.

هاوکات، ژینگە پارێزان داوایان کرد، گرێبستەکانیان نوێ بکرێتەوە بەمەبەستی درێژەدان بەخزمەتکردن لەو کەرتەدا، کە بەهۆی نوێ نەکردنەوەی گرێبەستەکانیان ناتوانن چی دیکە دەوام بکەن و دەکراون.

ژینگە پارێزێک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان سەرۆکایەتی شارەوانی بە بەرپرس دەزانن، چونکە دەتوانێت گرێبەستەکانیان بۆ نوێ بکاتەوە.

دەشڵێت، زۆرێک لە ژینگە پارێزان زیاتر لە ١٥ ساڵ خزمەتیان هەیە، بەڵام حکومەت بێوەفا بووە بەرامبەریان لە کاتێکدا دەبوو مانگی رابردوو گرێبەستەکانیان بۆ نوێبکرێتەوە تا ئێستا نوێنەکراونەتەوە و دەیانەوێت ژینگەپارێزی نوێ بهێنن.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، ماوەی ٦٨ رۆژە موچەکانیان پێنەدراوە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی ئەو لیستەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم مانگی رابردوو بڵاویکردەوە، دەبوایە لە ٢٨٤ی ٢٠٢٢ موچەی سەرجەم فەرمانبەران بۆ مانگی سێ "ئادار" دابەش بکرایە، بەڵام وەک هەمیشە دابەشکردنی موچە بۆ دوای جەژنی رەمەزان دواخرا و تا ئێستا بەشێک لە فەرمانبەران و ژینگە پارێزان موچەی مانگی رابردوو و هەشیانە ٦٨ رۆژە، واتە زیاتر لە دوومانگە موچەکانیان وەر نەگرتووە.

هەروەها، چاوگێک لە وەزارەتی دارایش ئاشکرای کردووە، پارەی  زیاد لە موچەی مانگی نیسان لەبەردەستی حکومەتدایە.


 


 

زوهرە عەلی - سلێمانی

گۆران عەبدوڵا - سلێمانی 

باخان تۆفیق -  رانیە













گەلەری