سەردێڕ:

زانیاری نوێ لەبارەی بەنزینی ٦٩٠ دینارییەکە

AM:08:42:08/05/2022

9620 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی دروستبوونی کێشەی تەکنیکییەوە لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانەوە هاتنی بەنزینی ٦٩٠ دیناری لە بەغداوە بۆ سلێمانی وەستاوە، لەبەرامبەردا بەڕێوەبەری سوتەمەنی ھەولێر رایگەیاند، حکومەتی عێراق ھەناردەکردنی بەنزینی بۆ ھەرێمی کوردستان راگرتووە.


بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی دروستبوونی کێشەی تەکنیکییەوە لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانەوە هاتنی بەنزینی ٦٩٠ دیناری لە بەغداوە بۆ سلێمانی وەستاوە بۆیە دابەشکردنی بەنزین لە پارێزگاکە وەستاوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە عەمبارەکاندا بڕی پێویست بەنزین هەیە و نەناردنی بەنزین لە بەغداوە هیچ کێشەیەک دروستناکات و نرخی بەنزینی نۆرماڵیان بۆ ٩٠٠ دینار دابەزاندووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، "تا ئێستا هیچ بڕیارێک لە حکومەتی عێراقەوە نییە، بۆ راگرتنی ئەو بەنزینە بۆ هەرێمی کوردستان هەر کاتێکیش بەنزین بگاتە هەرێم دەست بە دابەشکردنی دەکەینەوە.

دەشڵێت، حکومەتی عێراقی بەردەوامە لە ناردنی بەنزینی ٦٩٠ دیناری بۆ پارێزگای هەولێر.

لە بەرامبەردا، ئاری کاکە شین بەڕێوەبەری سوتەمەنی ھەولێر لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی رایگەیاند، لەمەودوا رێگە دەدرێت بە هاوردەکردنی بەنزین لە دەرەوەی وڵاتەوە بەگوێرەی ئەو مەرجانەی کە دیاریکراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە ھاوردەکردنی بەنزین بەجۆرێک بێت کوالێتەکەی باش بێت و بەنزینێکی خراپ نەبێت و کۆمپانیا و بازرگانەکان داواکاری پێشکەشی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بکەن و رێگەیان پێ دەدرێت بەنزین ھاوردە بکەن.

دەشڵێت، "پێویستە کوالیتی ئەو بەنزینەی بازرگانەکان هاوردەی دەکەن ھاوشێوەی بەنزینی کۆمپانیای کار بێت."

بەگوێرەی قسەکانی بەڕێوەبەری سوتەمەنی هەولێر، بڕیارەکە دەبێتە ھۆی هەرزانبوونی نرخی بەنزین، چونکە ئەوەی بەنزین ھاوردە بکات بە جۆرێک دەبێت لە نرخی ئێستا ھەرزانتر دەبێت، کە ئەوەش هۆکارێکە بۆ هەرزانبوونی نرخی بەنزین.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشتر حکومەتی عێراق بەنزینی بۆ ھەرێم دەنارد کە بڕەکەی رۆژانە ١٨٠ ھەزار لیتر تا ٣٦٠ ھەزار لیتر بەنزین بوو.

ئاری کاکە شین باسی لەوەشکردووە، ئەوان لە چاودێری کردنی بازاڕ بەردەوام دەبن و هەر کەسێک بەنزینی خراپ بفرۆشێت سزا دەدرێت.

پێشتریش، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، لە رابردوودا نرخی بەنزینمان کرد بە ٣٢٥ دینار بۆ هەر لیترێک، لەبەرئەوەی لە رابردوودا دەمانتوانی لەگەڵ بەغدا راستەوخۆ مامەڵە بکەین.

باسی لەوەشکرد، "لە ئێستادا حکومەتی هەرێم بە نووسراوی فەرمی ئاگادارم دەکاتەوە کە نابێت راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بەغدادا بکەم کە لە رابردوودا بۆ بەنزین و کۆمەڵێک کێشەی دیکە دەمانکرد، بەڵام من هەر دەیکەم و ئەمڕۆ بۆ غاز پەیوەندیم کردووە."

وتیشی، "ئەگەر چەند نووسراوێکی دیکەشم بۆ بنێردرێت من مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەکەم، چونکە دوو رۆژی دیکە بدرێم بە دادگا تاوانبار دەبم بەهۆی ئەوەی دادگا مامەڵە لەگەڵ یاسا دەکات نەوەک دادپەروەری."

ئەوەشی خستەڕوو، "لە ئێستادا سەرقاڵی گرێبەستێکی تەنازولین و سەرچاوەیەکمان دۆزیوەتەوە کە جارێ نامانەوێت باسی بکەین، بۆیە بە هەنگاو تاوەکو دوای جەژن نرخی بەنزین هەرزان دەبێت، بەڵام نەشمانکردووە بە منەت."

دەشڵێت، "لە ئێستاشدا بەنزینە بازرگانییەکە نەمانهێشتووە گرانبێت و لە هەموو شارەکان هەرزانترە."

ئەوەش دوای ئەوە دێت، ماوەی نزیکی شەش مانگە نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستاندا گرانبووە، لە کاتێکدا لە بەغدا سەرەڕای کەمبوونەوەی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار، نرخی بەنزین گران نەبووە و بە هەمان نرخی پێشووی دەفرۆشرێت.

 

ئەمە لەکاتێکدایە هەفتەیەک پێش ئێستا نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە پارێزگای سلێمانی لە ٩٥٠ دینارەوە بۆ ٩٠٠ دینار ، بەنزینی موحەسەن لە هەزار و ٥٠ بۆ هەزار و ٢٥ دینار، بەنزینی سۆپەر لە هەزار و ١٢٥ بۆ هەزار و ١٠٠ دابەزی.

گرانی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بووەتە جێگەی نیگەرانی هاوڵاتیان و شۆفێرانی تاکسی و بارگرانییەکی گەورەی دروست کردووە لە کاتێکدا خاکی هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە نەوتی خاو کە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی بەنزینی ئۆتۆمبێلە، بەڵام حکومەتی هەرێم نەیتوانیووە ئەو کێشەیە وەک کێشەکانی دیکە چارەسەر بکات.













گەلەری