سەردێڕ:

کچە کوردێکی پەنابەر لەهەڵبژاردنەکانی سکۆتلەندا دەنگی یەکەمی بەدەستهێنا

PM:08:20:06/05/2022

11020 جار خوێندراوەتەوە

کچە پەنابەرێکی کورد لە سکۆتلەندا وەک کاندیدی پارتى نەتەوەیى سکۆتلەندا لە شاری گلاسگۆ لە هەڵبژاردنەکاندا توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بەمەش دەبێتە یەکەم پەنابەر بتوانێت ئەم سەرکەوتنە تۆمار بکات.


ئەمڕۆ هەینی، دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سکۆتەلەندا، رۆزا ساڵح، کە کچە کوردێکی باشوری کوردستانە و کاندیدی پارتى نەتەوەیى سکۆتلەندا بوو لە شاری گلاسگۆ توانیویەتی وەک یەکەم پەنابەر سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ خۆی مسۆگەر بکات و دەنگی یەکەم بەدەستبهێنێت.

رۆزا ساڵح بە ماڵپەڕی زە ناشناڵی بەریتانی راگەیاند، زۆر دڵخۆش و خۆشحاڵە و ئەمڕۆژە بە رۆژێکی مێژووی دەزانێت بۆ خۆیی و بۆ زۆرێک لە خەڵکی کە متمانەیان پێکردووە.

دەشڵێت، "ئێمە ئەمڕۆ لێرەین لە پێناو داهاتووی سکۆتلەندا و سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم جارێکی دیکە متمانەیان بە من و پارتەکەم کردووەتەوە".

رۆزا ساڵح کچە کوردێکى باشورى کوردستانە و لە ساڵى ٢٠٠١ ـەوە لە سکۆتلاندا دەژی.

کاندیدى ژمارە ١ى پارتى نەتەوەیى سکۆتلەند لە شارى گلاسگۆ بووە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى سکۆتلەندى ساڵی ٢٠٢١.

رۆزا لە گلاسگۆیە و چالاکیەکانی لەپێناو خزمەتکردنى خەڵک بەگشتى و پەنابەرانى ئەم شارەدا بووە.

زیاتر لە ١٥ ساڵە چالاکیەکانی لەگەڵ هاوڕێکانیدا لە گلاسگۆ ئەنجامدەدات، لەلایەن پەرلەمانی سکۆتلاندەوە خەڵاتی ساڵانەیان پێبەخشراوە و کارەکانیان جێى بایەخ و پشتیوانى خەڵک بووە.

رۆزا ساڵح دەرچووی زانکۆی سترایدکلایدە، بەشی یاسا و سیاسەتی خوێندوە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی باڵای بە دەستهێناوە.

لە رێگای چالاکیەکانییەوە توانیویەتی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران ناچاربکات دان بە مافەکانی پەنابەراندا بنێت و واز لە دەستبەسەرکردن و زیندان کردنی خێزان و منداڵان و رەوانە کردنەوەیان بۆ وڵاتانی خۆیان هەڵبگرن.

هەروەها، لە لایەن رێکخراوی سالیتارەوە وەک ژنێکی هەڵکەوتووی چالاکی سکۆتلاند دیاری کراوە و ڕێزلێنانی پێبەخشراوە.













گەلەری