سەردێڕ:

وڵاتانی ئەوروپا هەڵوێستی خۆیان لەبارەی قەغەکردنی هەناردەکردنی نەوتی روسیاوە ئاشکرا کرد

AM:11:37:05/05/2022

2856 جار خوێندراوەتەوە

وڵاتانی کیشوەری ئەوروپا لەنێو خۆیاندا ناکۆکن لەبارەی پێشنیازی سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا بۆ قەدەغەکردنی نەوتی خاوی روسیا لە ماوەی شەش مانگدا و بەرهەمە نەوتییەکانی دیکە تاوەکو کۆتایی ٢٠٢٢.


ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا پێشنیازی کرد وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و کیشوەری ئەوروپا هاوردەکردنی نەوتی روسیا بۆ ماوەی شەش مانگ و هاوردەکردنی و بەرهەمەکانی دیکەی نەوت تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ لە روسیاوە قەدەغە بکەن.

وڵاتی سلۆڤاکیا هەڵوێستی خۆی لەوبارەیەوە ئاشکرا کرد و رایگەیاند، پشتیوانی لە هەر بڕیارێک دەکات کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە لەبارەی قەدەغەکردنی نەوتی روسیاوە دەربکرێت، بەو مەرجەی ماوەیەکی راوگوزەری پێبدرێت بۆ جێبەجێکردنی.

لە بەرامبەردا، هەنگاریا دژایەتی خۆی بۆ بڕیاری لەوشێوە نیشاندا و ئەڵمانیش مەترسییەکانی خۆی لەوبارەیەوە خستەڕوو.

حکومەتی سلۆڤاکیا داوای ماوه‌ی سێ ساڵی کرد وەک قۆناغی راگوزەر بۆ کاراکردنی بڕیاری ئەوروپا بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی روسیا.

هاوکات، حکومەتی هەنگاریا ئەوەی خستەڕوو، پێشنیازی یەکێتی ئەوروپا بۆ قەدەغەکردنی هەناردەکردنی نەوتی روسیا هیچ دڵنیاییەکی تیادا نییە بۆ ئاسایشی وزەی وڵاتەکەی.

نوسینگەی راگەیاندنی حکوومەتی هەنگاریاش رایگەیاند، لەسەر بنەمای پێشنیازەکانی ئێستا هیچ پلانێک نابینن کە چۆنییەتی سەرکەوتنی ئەو پلانە لەو ماوەیەدا بخاتەڕوو، هەروەها هیچ دڵنیاییەکی تیادا نییە بۆ ئاسایشی وزەی هەنگاریا.

لای خۆیەوە، رۆبێرت هاپیک وەزیری وزەی ئەڵمانیا وێڕای پشتیوانی لە پڕۆژەکەی ئەوروپا، جەختی لەوە شکردەوە کە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی روسیا لەلایەن ئەوروپاوە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخ.

ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆژەکەی ئەوروپا بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی روسیا هەنگاوێکی پێویستە بۆ سزادانی مۆسکۆ.

ئەم بڕیارەی سلۆڤاکیا بە گۆڕانکاریی لە هەڵوێستەکانی ئەو وڵاتەدا دادەنرێت کە پێشتر سووربوو لەسەر پشتیوانیکردنی هەر بڕیارێکی ئەوروپا لەبارەی نەوتی روسیاوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا بەهۆی هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی زنجیرەیەک سزای ئابوری و دارایی و بازرگانییان خستە سەر روسیا و چەند کۆمپانیایەکی گەورە و بانکی گەورەی روسی. هاوکات، ئەمریکا هاوردەکردنی نەوت و سوتەمەنی و وزەی روسی قەدەغەکرد و داوای لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاش کرد هاوردەکردنی وزەی روسی قەدەغە بکەن و جێگرەوەکەی بدۆزنەوە.













گەلەری