سەردێڕ:

روسیا: هێرشکردنە سەرمان دۆخەکە خراپتر دەکات

PM:12:54:29/04/2022

10044 جار خوێندراوەتەوە

روسیا هۆشداریدایە رۆژئاوا و رایگەیاند هەر هێرشێک بۆ سەر خاکی روسیا وەڵامێکی توندی سەربازیی دەدرێتەوە لەلایەن ئەوانەوە و دەشڵێت، "ئۆکرانیا هێرشی کردووەتە سەر چەند هەرێمێکمان لەسنور."


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، لە رۆژئاوا، بە ئاشکرا داوا لە کیێڤ دەکەن هێرش بکاتە سەر روسیا لەڕێی ئەو چەکانەوە کە لە وڵاتانی ناتۆوە وەریانگرتووە و ئەوەش کارێکە دۆخەکە خراپتر دەکات.

ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە میانەی قسەکانیدا ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیشی بە تۆمەتی مەترسی خستنەسەر ئاسایشی ئەوروپا تۆمەتبار کرد.

لە چەند رۆژی رابردوودا، رووسیا رایگەیاند هێزەکانی ئۆکرانیا کۆمەڵێک هێرشیان کردۆتەسەر هەرێمەکانی روسیا لەسەر سنوور و ئۆکرانیا راستەوخۆ بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانەی رانەگەیاندووە، بەڵام دەڵێت ئەو رووداوانە تۆڵەسەندنەوەن.

هاوکات روسیا هۆشداریداوەتە بەڕیتانیا دوای ئەوەی بەڕیتانیا رایگەیاند شتێکی رەوایە بۆ ئۆکرانیا ئامانجە لۆجیستییەکانی روسیا بکاتە ئامانج و هێرشیان بکاتە سەر، وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوە لەبەرامبەردا دەڵێت، "چیتر ئارامیمان تاقی مەکەنەوە."

کریملن دەڵێت، "هەوڵەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بەتایبەتی بەڕیتانیا بۆ ڕەوانەکردنی چەکی قورس بۆ ئۆکرانیا هەڕەشەی بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا دروست کردووە."

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، ئەگەر ئەو جۆرە هێرشانە بۆ سەر روسیا بەردەوام بن ئەوا مۆسکۆ ناوەندەکانی بڕیاردان لە کیێڤ دەکاتە ئامانج، بەو راوێژکارییە بیانیانەشەوە کە یارمەتی کیێڤ دەدەن و لەوێن.

زاخارۆڤا وتیشی، "کیێڤ و پایتەختەکانی رۆژئاوا دەبێت بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگری روسیا بەجددی وەربگرن لەسەر ئەوەی هاندانی زیاتری کیێڤ بۆ هێرشکردنە سەر خاکی روسیا، بەدڵنیاییەوە روبەڕووی وەڵامێکی توندی روسیا دەبێتەوە."













گەلەری