سەردێڕ:

عێراق هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیاوە راگەیاند

AM:08:20:19/04/2022

3988 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراقی بەهەموو جۆرێک ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێم رەتدەکاتەوە و بە پێشێلکردنی سەروەری عێراق و رەفتاری پێچەوانی مامەڵەی باشی بنەمای دراوسێیەتی دەزانێت.


ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، کۆماری عێراق بەهەموو شێوەیەک ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا لە هەرێم رەتدەکاتەوە و بەتوندی سەرکۆنەی دەکات.

ئاماژەی بەوەشداوە، بۆردومان کردنی ناوچەکانی مەتین و ئاڤاشین و باسیان و زاب لە هەرێمی کورستان لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئاتاکەوە سەرکۆنە دەکات.

دەشڵێت، عێراق ئەم کردەیە بە پێشێلکردنی سەروەری و رێزی وڵات دادەنێت و هاوکات، پێچەوانەی بەڵگەنامە و یاسا نێودەوڵەتییەکان کە پەیوەندی نێوان وڵاتان رێکدەخات.

هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، ئەم هەنگاوەی تورکیا پێچەوانەیە لەگەڵ بنەمای باش مامەڵەکردنی وڵاتانی دراوسێ کە پێویست دەکات پێکەوە بە هاوبەشی کاربەکن لە بواری ئەمنییدا بە ئامانجی خزمەتکردنی هەردوولا و دەبێت لەمەشدا پێداگری بکەن.

لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە، حکومەتی عێراقی هەرگیز رێگەنادات خاکەکەی ببێتە پەناگە و رێڕەوی هیچ زیانگەیاندنێک بە هیچ کام لە دەوڵەتەکانی دراوسێی، هەروەک چۆن رەتیدەکاتەوە خاکەکەشی بکرێتە مەیدانی ململانێکان و یەکلایی کردنەوەی کێشەی لایەنەکان.

ئەمە لەکاتێدایە، بەرەبەیانی دوێنێ وەزارەتی بەرگری تورکیا دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکانی "کلیل چنگ"ی لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد و بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە جۆری ئاتاک ناوچەکانی شێلادزێ و مەتین و ئاڤاشین و زابی بۆردوومان کرد و راشیگەیاند، تا دوا ئامانجی پلان بۆدانراوی خۆیان بەگوێرەی پلانی ستراتیجی سەربازییان لە ئۆپراسیۆنەکانیان بەردەوام دەبن.

هاوکات، تا ئێستا هەر سێ سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و حکومەتی هەرێم بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بێدەنگییان هەڵبژاردووە و هیچ هەڵوێست و کاردانەوەیەکی فەرمییان نەبووە.













گەلەری