پسپۆڕێکی تەندروستی ئاشکرایکردووە، هەرکاتێک غودەی تەمەڵ
(سستی غودەی دەرەقی) دەستنیشان کرا پێویستە زوو چارەسەر بکرێت ئەگەر نا کۆمەڵێک کێشەی
تەندروستی تووشی نەخۆشەکە دەکات.
داهات جەمال حەوێزی پزیشکی پسپۆڕی هەناوی
و دڵ و شەکرە لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک رایگەیاندووە، ئەگەر غودەی تەمەڵ
چارەسەر نەکرێت ئەم گرفتە تەندروستییانە لە جەستەدا روودەدەن:
یەکەم: گەورەبوون و ئاوسانی غودەی دەرەقی لە بەشی پێشەوەی
مل لەوانەیە ببێتە هۆی ناڕەحەتی و هەناسەتوندی و گران قوتدانی خواردن، جگە لەوەی لەڕووی
شکڵەوە ناشرین دەبێت.
دووەم: چارەسەرنەکردنی غودەی تەمەڵ لەوانەیە ببێتە هۆی بەرزبونەوەی
چەوری دڵ و چەوری سەرجگەر و گیرانی بۆرییەکانی دڵ و گرژبونی ماسولکەی دڵ و بەرزبونەوەی
فشاری خوێن و خاوبوونەوەی لێدانی دڵ و سست بوونی دڵ.
سێیەم: یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی قەڵەوی بریتییە لە غودەی
تەمەڵ و ئەگەر کەسەکە هەوڵی خۆلاوازکردنیش بدات، ناتوانێت تاکو چارەسەری غودەکەی نەکات.
چوارەم: ئەو کەسانەی غودەی تەمەڵیان هەیە لەوانەیە بەردەوام
هەست بە ئاوساوی قاچ و ڕوخسار و سڕبوون و مێرولەکردنی پەلەکان بکەن.
پێنجەم: غودەی تەمەڵ لەوانەیە ببێتە هۆی نەزۆکی لە ژنان
و پیاواندا، ژنانی سکپڕ ئەگەر چارەسەری غودەی تەمەڵەکەیان نەکەن لەوانەیە ببێتەهۆی
تێکچونی ئەندامەکانی جەستە و لەدایکبونی پێشوەخت و لەبارچوون.
شەشەم: غودەی تەمەڵ پێویستە چارەسەر بکرێت چونکە دەبێتە
هۆی هەندێک حاڵەتی درێژخایەنی وەکو کەم خوێنی و قەبزی و قژهەڵوەرین.
حەوتەم: ئەگەر غودەی تەمەڵ چارەسەر وەرنەگرێت لەوانەیه
ببێتە هۆی زۆر خەوی و تێکچوونی میزاج و دڵتەنگی و خەمۆکی.
ئ.ل