یاپراخی سڵق یەکێکە لە
جۆرە باوەکانی خواردن کە بۆ بۆنە و سەیران زیاتر ئامادە دەکرێت، لێرەدا ئاماژە بە
چۆنێتی ئامادەکردنەکەی دەکەین:
پێداویستییەکان:
دوو دەسک سڵق
سێ پەرداخ برنج
سێ پەرداخ ئاو
دەسکێک کەرەوز
سێ سەلک پیاز
دوو باینجان
دوو کولەکە
نیو کیلۆ پەراسوو
پەتاتە و گێزەر بەپێی
پێویست
سێ کەوچک دۆشاوی تەماتە
دوو بیبەری شیرین
دوو تەماتە
بەهاراتی یاپراخ
پاقلە یان لۆبیا بەپێی
ئارەزوو
ئاوی نیولیمۆ
ئامادەکردنەکەی:
پاقلە یان لۆبیاکە دەکوڵێنیت
و زەردی دەکەیت، دواتر لە بنی ئەو مەنجەڵەی بۆ یاپراخەکە دانراوە دایدەنێین، دواتر
لاسکی سڵقەکەی دەکەینە سەر.
پەراسوی ئاژەڵەکە سوردەکەینەوە
و دواتر کەمێک ئاو و خوێی تێدەکەین تاکو دەکوڵێت.
گەڵای سڵقەکە ئامادە دەکەین
و دەیشۆینەوە لەگەڵ سەرجەم پێداویستیەکانی دیکە، دواتر تەماتە و کولەکە و باینجانەکە
ناوەکەی هەڵدەکۆڵین لەگەڵ پیاز و بیبەرەکە و سوری دەکەینەوە، پێکهاتەکانی ناواخنەکەی
بەجیا سوردەکەینەوە، دواتر کەرەستەکانی تر بە جیا سوردەکرێنەوە جگە لە تەماتەکە.
برنجەکە بشۆرەوە و لە
دەفرێکی گەورەدا دایبنێ خوێ وئاوی لیمۆ و بەهارات و دۆشاوی تەماتەکەی بکە بەسەردا
و تێکی بدە، پاشان ناوی هەموو پێکهاتەکان کە سورکراوەتەوە لەگەڵ تەماتەکە بکە بەسەریدا
و تێکەڵی بکە.
گەڵاکان لەگەڵ تێکردنی
برنجەکە بپێچەرەوە، دوای چینێک لە گەڵاکە پەراسووەکەی تێبکە، چینەکەی تری کولەکە و
باینجان و تەماتە و بیبەرەکەی تێبکە، چینی کۆتایی سڵق بێت، ئەو لاسکەی گەڵاکان کە
ماوە بیکەرە سەرەکەی.
لە کۆتاییدا ئاوەکە بکەرە
ناو مەنجەڵەکەوە و قاپێکی پان بخەرە ناوی بۆئەوەی یاپراخەکان هەڵنەوەشێت، پاشان سەری
مەنجەڵەکە داپۆشە، دوای نیو کاتژمێر ڕۆنی تێبکە و دووبارە سەری داپۆشەرەوە و ئاگرەکەی
کز بکە، دوای کوڵاندنی لەگەڵ سەوزە و نان و دۆ پێشکەشی بکە.