چۆنێتی ئامادەکردنی پاقلاوە

PM:03:08:27/11/2021

7888 جار خوێندراوەتەوە

پاقلاوە یەکێك لە شیرینییە خۆش و بەتامەکان کە دەتواندرێت لە ماڵەوە ئامادە بکرێت و لە جەژن و بۆنە و وەک سوکە ژەم پێشکەش بە میوان و خێزانەکان دەکرێت.

پێویستییەکانی:

یەك پاکەت هەویری پاقلاوە

٢٥٠ گرام کەرە

دوو کەوچکی گەورە ڕۆن

دوو کوپ فستق و گوێزی ووردکراو

یەك کەوچکی بچوك هێلی هاڕاو

نیو کەوچکی بچوك دارچینی هاڕاو

کوپێک شیلە یان زیاتر بەپێی ئارەزوو

ئامادەکردنەکەی:

سەرەتا کەرە و ڕۆنەکە پێکەوە دەتوێنینەوە، پاشان فستق و گوێز و دارچین و هێلەکە پێکەوە تێکەڵ دەکەین.

پاشان قاڵبێک دێنین و نانی پاقلاوەکە بە قیاسی قاڵبەکە دەبڕین، قاڵبەکە چەور دەکەین و ٥ـ٦ نان دادەنێین و نێوانی نانەکەن چەور دەکەین پاشان پارچەی بچوکی نانەکە دادەنێین بە یەکسانی لە قاڵبەکەدا و دواتر نیوەی فستق و گوێزەکەی بەسەردا دەکەین و بەیەکسانی بڵاوی دەکەینەوە.

پاشان ٦ـ۷ نانی تر دادەنێین و دووبارە نێوانیان چەور دەکەین و نیوەی گوێز و فستقەکەی بەسەردا دەکەین و بەیەکسانی بڵاوی دەکەینەوە بەسەر هەموو نانەکەدا.

دواتر چەند نان ماوە دایدەنێین بەهەمان شێوە نێوانیان چەور دەکەین و لەکۆتایدا ئەگەر لە لێوارەکانییەوە نانی زیادە هەبوو دەیبڕین و دواتر ڕووی نانەکە بەباشی چەور دەکەین و بە هەر شێوازێک کە پێمان جوانە دەیبڕین و دەیکەینە فڕنەوە بە پلەی ١٨٠ دەرەجە، سەرەتا بەشی ژێرەوەی پاشان سەرەوەی دەبرژێنین و ڕاستەوخۆ پاش برژاندنی هەر به گەرمی شیلەی ساردی بەسەردا دەکەین.

بۆ شیلەکە:

دوو کوپ شەکر

یەک کوپ ئاو

پارچەیەک لیمۆ بە توێکڵەوە

هەموو کەرەستەکان تێکەڵ دەکەین و دەیکەینە سەر ئاگر تا دێتە کوڵ پاشان ئاگرەکەی بۆ کز دەکەین بۆ ماوەی ٧-١٠ خولەك تا خەست دەبێتەوە پاشان دەتوانین هێل و گوڵاوی بۆ زیاد بکەین.

ئ.ل