پیاوێک بە تۆمەتی فرۆشتنی نەیزەک دەستگیرکرا

AM:11:26:31/10/2021

6352 جار خوێندراوەتەوە

دەزگا ئەمنیەکانی ئیسپانیا پیاوێکیان دەستگیرکرد بە تۆمەتی فرۆشتنی پارچە نەیزەکێک کە تەمەنی هەزارەها ساڵ بووە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "لبنان٢٤"، پیاوەک بەناوی "خوان کارلۆس" پارچە نەیزەکێکی ١٧ کیلۆگرامی کە تەمەنی ٤٥٠٠ ساڵ بووە لە رێگەی ماڵپەڕێکی کڕین و فرۆشتنەوە بەرامبەر بە ٥٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی فرۆشتویەتی.

سەرەڕای ئەوەی کارلۆس رەی دەکاتەوە کە هیچ سەرپێچیەکی کردبێت، بەڵام تۆمەتی خاوەندارێتی شتومەکی نایاسایی درایە پاڵ.

پارچە نەیزەکەکە ساڵی ١٩٤٧ کەوتۆتە باکوری ئیسپانیاوە و هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە بەڵام چاڵێکی گەورەی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە.

تۆمەتبارەکە وتی "پارچە نەیزەکەکەم لە کەلوپەلەکانی کۆچکردو "مانوێل لابورد ویرلیندن" دۆزیوەتەوە کە ساڵی ١٩٩٣ کۆچی دوایی کردوە و ئەندامێکی رێکخراوی زانستی سروشتی "ئارنزادی" بووە."

بەپێی راپۆرتی پۆلیس پارچە نەیزەکەکە پێشتر بە مەبەستی تویژینەوە لەلای "مانوێل لابورد ویرلیندن" بووە، بەڵام دوای ساڵی ١٩٩٣ پارچەکە دیار نەماوە.

پارچە نەیزەکەکە لە مۆزەخانەی زانستی سروشتی ئیسپانی بۆ نمایش دادەنرێت و هەمووان دەتوانن بۆ بینینی سەردانی مۆزەخانەکە بکەن.