چۆنییەتی ئامادەکردنی شیرینی بەسبوسە

PM:05:52:08/10/2021

12976 جار خوێندراوەتەوە

بەسبوسە زیاتر شیرینییەکی عەرەبییە و ئامادەکردنی کاتێکی زۆری ناوێت، لە مانگی ڕەمەزان و بۆنە و ئاهەنگ و میوان و یادی لەدایکبووندا دروست دەکرێت.

کەرەستەکانی:

دوو پەرداخ سمید "یەکێکە لە بەرهەمەکانی گەنم"

پەرداخێک گوێزی هیندی

نیو پەرداخ ماست

دوو هێلکە

نیو پەرداخ شەکر

نیو پەرداخ کەرە

کیسێک پیکن پاودەر

کیسێک ڤانێلا

کەوچکێکی چا خوێ

بادەم بۆ رازاندنەوەی

ئامادەکردنەکەی:

سەرەتا لە دەفرێکی قوڵدا هێلکە و ڤانێلا و شەکرەکە تێکەڵدەکرێت، پاشان ماستەکەی دەکرێت ناوییەوە و دووبارە تێکدەدرێتەوە.

کەرەکە دەتوێنرێتەوە و دەکرێتە ناو ئەو گیراوەیە، دواتر گوێزی هیندی و سمید و پیکن پاودەر و خوێیەکەی تێدەکرێت، بە جوانی تێکدەدرێن تا وەک هەویرێکی شلی لێدەردەچێت.

پێشتر فڕنەکە لە پلەی ١٨٠ی سەدیدا گەرمبکرابێت، بنی قاڵبی فڕنەکە کەمێک ئاردی پێوەدەکرێت بۆئەوەی بەسبوسەکەی پێوە نەلکێت، هەویرەکەی تێدەکرێت و کەمێک بادەم دەکرێت بە ڕووکاری دەرەوەی هەویرەکە و دەخرێتە فڕنەوە.

بۆ ماوەی ٣٠ خولەک لەناو فڕنەکەدا بێت، دوای برژاندنی لە فڕنەکە دەهێنرێتە دەرەوە و بە گەرمی شیلەی پێوەدەکرێت و بە چەقۆ بەشێوەی چوار گۆشە کەرت دەکرێت و لەگەڵ چا یان قاوە پێشکەش دەکرێت.