ھەندێک خانم لە ژێر چەناگەیاندا مووی رەق گەشە دەکاتە بە "مووی پیاوان" ناسراوە و پێی بێزار دەبن، ئەمەش ناچاریان دەکات ڕێگەی جیاواز بەکاربھێنن بۆ لابردنی ئەو مووە زیادانە، کە کۆمەڵێک ھۆکار لەپشت دەرکەوتنی ئەو جۆرە مووانەوەیە.
ماڵپەڕی لوبنان ٢٤ لە بابەتێکی تەندروستیدا نوسیوویەتی، گەشەکردنی موو لە ژێر چەناگەی خانمان زۆرکات بۆ ھۆکاری تەندروستیی دەگەڕێتەوە کە بریتین لە:
یەکەم: دەرمان
خواردنی ھەندێک جۆری دەرمان کاریگەریی دەبێت لە گەشەکردنی ئەو جۆرە مووانە لە ژێر چەناگەدا کە ڕەنگیان رەشی تۆخە و رەقن و بنەکەیان ئەستوورە، دیارترین دەرمانەکانیش کۆرتیزۆن و حەبی ڕێگریکردن لە دووگیانیی و ھەندێک دەرمانی بەرزە پەستانی خوێن و خەمۆکیی و نەخۆشیی بەڵەکیی.
دووەم: بۆماوەیی
ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە بوونی ئەو مووانە لە ژێر چەناگە و ھەندێک ناوچەی تری جەستەی ئافرەتدا، بۆنمونە ئەگەر دایکەکە ھەمان گرفتی ھەبێت ئەوا کچەکەشی ئەگەری ھەیە مووی ڕەش لە ژێر چەناگەیدا گەشە بکات.
سێیەم: بوونی گرفت لە ھۆڕمۆنەکانی لەش
ھۆڕمۆنەکان ڕۆڵی سەرەکی دەبینین لە گەشەکردنی مووی زیادە و ڕەش لە ژێر چەناگەدا، زیاتر لە قۆناغی ھەرزەکاری و دووگیانی و دوای تەمەنی ٤٠ ساڵییەوە دەبێت، ھۆکارەکەشی زیادبوونی ڕێژەی دەردانی ھۆڕمۆنی ئەندرۆجینە لەگەڵ ھۆڕمۆنی شیر کە بە پرۆلاکتین ناسراوە.
چوارەم: بوونی گرفت لە ھێلکەدانەکان
بوونی ھەر گرفتێک لە ھێلکەدان کە ھۆکاربێت بۆ تێکچوونی ئەرکی ھێلکەدان موو لە بەشە جیاوازەکانی لەش و ڕوخسار دەڕوێت، وەکو بوونی کیسی ورد لەسەر ھێلکەدان.
پێنجەم: تێکچوونی ڕژێنەکانی سەر گورچیلە
ھۆکارە بۆ گەشەکردنی مووی زیادە لە ناوچەی چەناگە ھۆکارەکەشی زۆربوونی دەردانی ھۆڕمۆنی نێرینەیە لە ئافرەتاندا.
شەشەم: تێکچوونی چالاکی لیکەڕژێنەکان
ڕۆڵی ھەیە لە دابەشکردنی گەشەی موو لە بەشەکانی جەستە، تێکچوونی چالاکییەکانی ھۆکارە بۆ گەشەکردنی مووی ڕەش لە ناوچەی ژێر چەناگە، چونکە ھانی دەردانی بڕێکی زۆر ھۆڕمۆنی شیر دەدات.
ئ.ل