سەردێڕ:

دادگا بێ متمانەکان!

PM:06:49:18/09/2025
392 جار خوێندراوەتەوە
راژان ئەحمەد
+ -

لە تەواوی دونیا دادگاکان دامەزراوەیەکی تەواو سەربەخۆ و بێلایەنن کە بەهیچ شێوەیەک هیچ دەسەڵاتدار و پارتێک دەسەڵاتی لەسەر دادگاکاندا نیە بۆیە بە شێوەیەکی سەربەخۆ کارەکانیان تێدەپەڕێنن.

گەرچی لە هەرێمی کوردستان دادگاکان بێ متمانەترین دامەزراوەی حکومەتن بەڕادەیەک بە هەموو شێوەیەک نا سەربەخۆیی و لایەنگری حیزبیان پێوە دیارە.

دادوەرەکان و دادگاکان لە هەرێمی کوردستان لەلایەن پارتە دەسەڵاتدارەکانەوە ئاڕاستە دەکرێن و هەموو بڕیارە چارەنووساز و گرنگەکان لەلایەن بەرپرسیە حیزبیەکانەوە دەدرێت بە گوێی دادوەرەکاندا و سزاکان جێبەجێ دەکرێن.

لە ماوەی ڕابردوودا لە هەردوو زۆنی زەرد و سەوز کۆمەڵێک ڕووداو و پێشهات بە تەواوی ئەوەی ڕوون کردەوە کە دادگاکان بێ متمانەن و لە ژێر کاریگەری بەرپرسە حیزبیەکان بڕیارەکان دەردەکەن هەتا خودی بەرپرسە باڵاکانی ناو یەکێتی و پارتی لەسەر شاشەی تیڤیەکان خۆیان دەڵێن دادگاکان متمانەیان نەماوە و بەرپرسە حیزبیەکان ئاڕاستەیان دەکەن.

سزای دووبارە درێژکردنەوەی زیندانی سەر ڕۆژنامەنووس (شێروان شێروانی) و سەپاندنی سزا بەسەر (ئومێد بەڕۆشکی) یەکێک بوو لەو ڕووداوانەی کە بە تەواوی پڕۆسەی ئازادی ڕادەربڕین و نا سەربەخۆیی دادگاکانی پێشانی خەڵکیدا کە لەژێر فشاری بەرپرسە باڵاکانی پارتی ئەو بڕیارە درا ،بەمەش بێ متمانەیی دادگاکان لەناو خەڵکیدا دەنگۆیەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا.

لە سنووری یەکێتیش بەهەمان شێوە بڕیاری دەستگیر کردنی (لاهوری شێخ جەنگی و شاسوار عبدالواحید) دوو دیارترین ڕووداو بوون کە ناسەربەخۆیی و بێ متمانەیی دادگاکانی کوردستان پێشان دەدات کە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆکی یەکێتی ئەو بڕیارانە جێبەجێ کراون.

فەرهاد پیرباڵی نووسەر دەڵێت (دادگاکان دەبێت دادگایی بکرێن) ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی نا سەربەخۆیی دادگاکان و بێ متمانیەییان هاوڵاتیان و ڕۆژنامەنووسان و چالاوانان بەتەواوی بێ هیوا بوون لە دادگاکان و هیچ کاتێک وەکو دامەزراوەیەکی حکومی و داوا کردنی مافەکانیان پشتی پێ نابەستن.

گەلەری