وەڵامێك بۆ یاریدەدەرەكەی عیماد ئەحمەد
PM:06:20:10/09/2025
620 جار خوێندراوەتەوە
دیاری محەمەد
+
-
یاریدەدەرێكی عیماد
ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی، لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەكێتیە بەیاننامەیەكی بۆ راستكردنەوەی رێڕەوی سیاسی
یەكێتی، لەبارەی رێكخراو و میدیای ئەهلی ئۆپۆزسیۆن بڵاوكردۆتەوە، پێشنیازی كردوە "جڵەو
بكرێن".
پێمخۆشە كە لە
مێژووی نوێی حومكڕانی كوردستاندا، نەوە دوای نەوە بۆ یەكتری بگێڕنەوە یەكێتیی كەسی
نەدۆزییەوە كۆمەڵگەی مەدەنی سلێمانی پێ بترسێنێت، جگە لە یاریدەدەرێكی كە بە تەمای
پۆستی وەزیری رۆشنبیرییە، دەیەوێ ئەوەی عیماد ئەحمەد ماویەتی لەناو "چەپ"ـی
كوردستانیدا، بیكاتە ئامرازێك بۆ داركاری كردن و دەمكوتكردنی میدیاو كۆمەڵی مەدەنی
لە شاری سلێمانی.
یاریدەدەرەكەی
لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەكێتی، باز دەدات بەسەر ئەو گۆمە خوێنەی شەوی
لالەزار، ئەوەندە توڕەیە لە میدیای ئەهلی و سەنتەری داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان،
هەمووان دەكاتە خانەی شەڕی بەوەكالەت و "ئاو بكەینە ئاشی ركابەری یەكێتی"
لەبەرامبەر" قازانجی ماددی و پارە و تەمویل".
لێرەدا دەمەوێت راستییەك بڵیم لە ماوی ١٠ ساڵی كاردنم
لە سەنتەری میترۆ، خۆم پرۆپۆزەڵم نوسیوە و هەموو هاوكارییە داراییەكانی دەرەوەی وڵات،
خۆم چاودێری وەرگرتنی هاوكاریەكان و خەرجكردنیم كردوە، دڵنیابن پارەی قاچاخچێتی نەوت
و گازی دزراو و دوگ و هێلكەو دەرمان و ئەندۆمی بەسەرچووی تێدا نەبووە.
ئەم فەرهەنگە
ناشیرینەی كە دەتانەوێ بیچەسپێنن ئەوەیە كە هەر كەسێ لە هەولێر رەخنەی لە پارتی
گرت، ئەوە شەڕی بە وەكالەت بۆ یەكێتی دەكات، ئەوەشی لە سلێمانی رەخنەی لە یەكێتی
گرت شەڕی بە وەكالەت بۆ پارتی دەكات و ململانێی بۆ ناحەزانی یەكێتی بەڕێوەدەبات.
ئەمە چ لۆژیك و ئەخلاقێكە دەتانەوێ
بچەسپێت و هاوڵاتی و رەخنەگری پێ دەمكووت بكەن؟ ئەمە ئیرهابی فكری نەبێت، پێمبڵێن
چییە؟ ئەرێ ئەم تەخوینكردنەی میترۆ تاكەی؟ ئەم كارگەی درۆیە كەی دادەخەن؟ ئەرێ لەگەڵم
نەبی دوژمنمی، نەبڕایەوە؟ ئەم بانگەشەیە بۆ دەسەڵاتی رەها بەس نییە؟ ئەم هەموو
پاساوە بۆ توندوتیژی ماندووی نەكردن؟ بەسە ئیتر بە ناشیرینكردنی ئەوانی تر جوان
نابن؟
من لە خانەوادەیەكم
كە دوو برام شەهیدی یەكێتییە، زۆر خەمبارم كە دەبینم كەسانی هەلپەرست، لەبری قسەی
خێر بۆ حزبەكەیان و سلێمانی، دەیەوێت ئەوەی ماوە لە پەراوێزی ئازادی سیاسی و رێكخراوەی
و رادەربڕین "جڵەو" بكرێت.
نازانم ئەمە گاڵتەجاڕی قەدەرە، یان راسپاردەی كۆنگرەی هاوپەیمانی
سۆسیال دیموكرات جیهانی عەرەبی؟ ئەوە ببینین نەوەی پاش مەرگی (مام جەلال) پێمان
دەڵێن، (چەپكە گوڵەكە) تا ئێرەو چیرۆكەكە تەواو، ئیترسەردەمی جڵەوكردن و دەمكتكردن
و پاكتاوكردنی ئازادی، سەردەمی عەدالەتەكەی عیماد دەستی پێكرد.