سەردێڕ:

گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا؛ هەڕەشەی سەدە

PM:11:56:01/08/2021

57060 جار خوێندراوەتەوە

گۆڕانی کەش و هەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و زۆربوونی دیاردەی کەوتنەوەی ئاگر لە دارستانە چڕەکان و بارینی بارانی بەخوڕ و هەستانی لافاو لەناوچە جیاجیاکانی جیهان، گیانلەدەستدانی سەدان کەس و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان و بێ سەروشوێنبوونی دەیان کەس، زەنگی ئەو هەڕەشەیەیە کە بۆ سەدەی بیست و یەک لێدراوە.


لەناوەڕاستی مانگی تەمموزی ئەمساڵ، رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە ئامانجی خۆئامادەکردن و روبەڕوبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمی و بەتەنگەوەهاتنی هەسارەی زەوی و ژیان، هەڵمەتی "لە ئێستادا- کاربکەن"ی راگەیاند.

توێژینەوەکان و ناوەندە زانستییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام داوادەکەن پێویستە مرۆڤایەتی بەشێوەیەک خۆی ئامادەبکات تا لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیست و یەک و لەگەڵ هاتنی ساڵی ٢٠٥٠ بەرهەمهێنانی کاربۆن و گازە گەرمەکان سفر بکرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش بەدوای وزەی جێگەرەوەدا بگەڕێن کە دۆستی ژینگەیە.


شێوازی روبەڕوبوونەوەی کارەساتەکە

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەڵمەتەکەیدا داوایکرد، پێویستە وڵاتان و کۆمپانیاکان کاربکەن لە بواری سفرکردنەوەی بەرهەمهێنان و فڕێدانی گازی کاربۆن بۆ ناو هەوا. هاوکات، ئەوەشی خستەڕوو، بەبێ هاوکاریکردنی تاک بە تاکی ئەندامی کۆمەڵگەکان هەرگیز ناکرێت بەر بەم کارەساتە بگیرێت.

رێکخراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە تاکەکانی کۆمەڵگە کۆی ئەو رەفتار و شێوازی ژیانەیان بگۆڕن کە کاریگەری لەسەر ژینگە دادەنێت و زیانی پێدەگەیەنێت، چونکە ئەو توانایەمان هەیە بتوانین روبەڕوی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا بینەوە و بەردەوامی بە ژیان بدەین.


کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش وهەوا

گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا کاریگەری لەسەر ژینگە و زەوی و ژیان و تەندروستی و کشتوکاڵ و کۆچکردن دادەنێت.

بارینی بارانە بە خوڕەکان و هەستانی لافاو لە ئەڵمانیا و بەلجیکا و بەشێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئاسیا و خۆرهەڵاتی ئاسیا و گیانلەدەستدانی سەدان کەس و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان و بێ سەروشوێن بوونی دەیانی دیکە، لە دیارترین کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوان.

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و گیانلەدەستدانی سەدان کەس لە کەنەدا و کەوتنەوەی ئاگر لە دارستانەکانی ئەمازۆن و دارستانەکانی یۆنان و تورکیا و روسیا و لوبنان و چەندین ناوچەی دیکە لە جیهاندا، یەکێکی دیکەیە لە دیارترین کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا.

لەلایەکی دیکەوە، هەریەک لە لافاو و کەوتنەوەی ئاگر زیانێکی زۆری بە زەوی کشتوکاڵی و ناوچە گەشتیارییەکانداوە، بەمەش کاریگەری لەسەر ژیان و دابینکردنی خۆراکی پێویست و بەروبوومی کشتوکاڵی و بازرگانی گەشتیاری داناوە و زیانێکی بەرچاو بەو ناوچانە کەوتووە، بەجۆرێک لەماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەڕێژەی لە ٤-١٠% لەسەر تاسەری جیهاندا دابەزیووە.

راوکردنی ماسی لەناوچە کەمەرەییەکان بەڕێژەی ٤٠ – ٧٠% بەهۆی بەرزبوونەوەی فڕێدانی گازی گەرم و ژەهراوییەوە کەمی کردووە.

بەگوێرەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە بارەی کاریگەری گۆڕانەکانی کەش و هەوا لەسەر ژیانی رۆژانەی مرۆڤایەتی کە ئاژانسی هەواڵی فرەنس پرێس بڵاویکردووەتەوە، نزیکەی ١٦٦ ملیۆن کەس لە ئەفریقا و ئەمریکای ناوەڕاست لە ساڵانی نێوان ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٩ بەهۆی گۆڕانەکانی کەش و هەواوە توشی دۆخی نا ئاسایی و کتوپڕی خۆراکی بوون و پێویستیان بە فریاکەوتنی خێرا هەبووە.

هەر بەگوێرەی راپۆرتەکان، بەهۆی گۆڕانی کەش و هەوا تا ساڵی ٢٠٥٠ نزیکەی ٨٠ ملیۆن کەس روبەڕوی مەترسی برسێتی دەبنەوە و بەهۆی بەدخۆراکیشەوە نزیکەی یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار منداڵ توشی کورتەباڵایی و بچوکبوونەوەی توند دەبن.

لەبارەی خراپبوونی باری تەندروستییەوە نزیکەی دوو ملیار و ٢٥٠ ملیۆن کەس لە ئاسیا و ئەفریقا و ئەوروپا بەهۆی فڕێدانی گازی ژەهراوییەوە بە شێوەیەکی مەترسیدار توشی نەخۆشی تای مێشوولە دەبن، کەساڵانە دانیشتووانی ناوچە کەمەرییەکان لە رێگەی گواستنەوەی ڤایرۆسەوە بەهۆی مێشوولەکانەوە توشی دەبن و بەشێک لە توشبووان گیانلەدەستدەدەن.

لەبارەی زۆربوونی ژمارەی کۆچکردنەوە، بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەبەوەدەدەن کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٥٠ بەڕێژەی شەش هێندە بەرزدەبێتەوە، بەمەش نزیکەی ١٢٢ ملیۆن کەس لە ئەمریکای ناوەڕاست و ٢٨ ملیۆن کەس لە بەرازیل و ٣١ ملیۆن کەسی دیکە لە ئەمریکای باکور روبەڕوی مەترسی بەرزبوونەوەی ئاو لە ئاستی رووی دەریاوە دەبنەوە.

لە رووداوێکی دەگمەنیشدا، بەهۆی لافاوەکانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و بە تایبەتی تر ئەڵمانیا لەمساڵدا، زیاتر لە ١٥٠ کەس گیانیانلەدەستدا.

لەلایەن خۆشییەوە دەزگای ناسای ئەمریکی هۆشداریدا لەوەی پێشبیدەکرێت بەهۆی روودانی گۆڕانکاری لە خولگەی مانگدا روودانی لافاوەکان لە ساڵی ٢٠٣٠ زۆرببن.

بەهەمان شێوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، دیاردەی بەهەڵم بوون بەرزدەبێتەوە و بڕێکی زۆر لە ئاوی دەریا و زەریا و رووبارەکان دەچنە ناو بەرگەهەوای زەوییەوە. بەمەش ئەگەری بارینی بارانی زۆر و بەخوڕ زیاد دەکات و بەمەش روودانی لافاو بەرزدەبێتەوە.

 

کامەران ئەحمەد













گەلەری