بەرەڵاكردنی چەك و قەدەغەكردنی زانیاری
PM:02:28:20/09/2025
408 جار خوێندراوەتەوە
رەحمان غەریب
+
-
زیاتر لە شاشەی
میدیاكانی دەسەڵاتەوە، رەواج بە خوێن و كوشتن دەدرێت و بكوژ دەكرێت بە پاڵەوان،
هەر خۆیانن دیدار لەگەڵ تۆمەتبار دەكەن، ورد ورد لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی
تاوانەكەی قسەدەكات، وێنە یان ڤیدیۆی تۆماركراوی كامێرای چاودێری دەخرێتە خزمەت،
تا بە تەواوی ببێتە فیلمێكی ئەكشن.
تەنها
پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی دەسەڵاتە هاوڕێیەتی دەزگا ئەمنییەكان دەكات، كاتێك
هەڵدەكوتنە سەر تۆمەتباران، هەر زوومی كامێرای ئەوە، چیرۆكی پاڵەوانی هێزەكانمان
پیشاندەدات، هەر ئەویشە وێنەی كوژاو، جەستەی سوتاو، سوكایەتی بەدیل، ددانپیانانی
تۆمەتبار بڵاودەكاتەوە، مافی تۆمەتبار پێشێل دەكەن، خۆیان دەكەنە جێی دادگا و
دادوەر، دەبوو لەسەر ئەم مەهزەلەیە گشتاندن هەبوایە.
گشتاندنی
سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی نەدەویست. هەر میدیاكانی خۆتانە، باز بەسەر
پرەنسیپی پاراستنی لێكۆڵینەوە دەدات، شكۆمەندی یاسا و دادگاكان و تایبەتمەندی
تۆمەتبارو خێزانەكانیان دەشكێنێت، هەر ئەوانن كەیفیان بە هەواڵی كوشتن دێ، بە
تایبەتیش كاتێك لە چوارچێوەی شەڕی زۆندایە، ئیتر بە ترش و خوێكردنی بە سیاسەتەوە
داهێنان دەكەن.
بڕیاری
قەدەغەكردنی روماڵی تاوانەكان، چاڵی بێ متمانەی نێوان هاووڵاتیان و حكومەت گەورەتر
دەكات. زۆر بە سادەیی، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان زانیاریی رێگە پێدراوی لەسەر
تاوانەكان شاردەوە، هاوڵاتی نەیزانی چی ڕوودەدات، دەنگۆ و هەواڵی چەواشە زیاتر
دەبێت، ئینجا لێپرسینەوەش قورستر دەبێت. بە سادەیی، گەر كەس رێژەی تاوان نەزانێ،
چۆن لێپرسینەوە لە حكومەت و وەزیر بكرێت؟
بۆ روماڵكردنی
تاوان هەر میدیایەكی دونیا ئاكاری خۆی یان ئاكارێكی گشتی هەیە. میدیا و
رۆژنامەنووسی پیشەیی، پێویستی بە بڕیاری وەزاری و گشتاندن نییە فێری ئیشەكەی بكات،
دەبێت خۆی بزانێت سنورەكانی لە كوێ تەواو دەبێت، بە شێوەیەكی بەرپرسیارانە و
ئەخلاقی ئەنجامی بدات. بەو مانایەی كە دەتوانێت روماڵ بكات و ڕێڕەوی لێكۆڵینەوە و
لایەنی دەروونی و كۆمەڵایەتیی خەڵكیش بپارێزێت.
ئەوە ڕێسا و
ئەخلاقی پیشەكەیە كە بابەتی روماڵكردن لە هەر بابەتێكدا ڕێكدەخات و میدیا پابەند
دەكات بە ئیتیكی شەرەفی پیشەیی نەك گشتاندن و بڕیار، كاتێكیش هەڵە روودەدات،
پەیامنێر و دەزگاكەی بەرپرسیارن. كە زیان بە كەرامەتی كەسانی دیكە دەگەیەنێت دەبێت
بخرێنە بەردەم لیپرسینەوە، بەڵام بە یاسای تایبەتمەندی رۆژنامەگەری نەك یاسای
تیرۆر یان یاسای گشتی.
ئەمە كەی
رەوایە قاچاغچێتی و بازرگانی چەكی قورس و سوك و جەنگی و عیتادەكەی، بازاڕی ئازادی
هەبێ، بەڵام زانیاری لەسەر تاوانەكان قەدەغەبكرێت؟ ئەرێ باشتر نەبوو دوای چواردە
ساڵ لە دەرچوونی، رێناماییەك بۆ جێبەجێكردنی یاسای ژمارە ١١ـی ساڵی ٢٠١٣ یاسای
مافی دەسكەوتنی زانیاری دەربكەن؟