سەردێڕ:

ئەمریکا مەرجی نوێ بۆ حکومەتی هەرێم دادەنێت

AM:11:02:22/01/2022

13204 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی ئەمریکا زیاتر لە مانگێک ناوەندیگیری کرد، دواجار حکومەتی هەرێم لە ژێر فشاردا بڕیاریدا مانگی دوو جار دەروازەی سنوری سێماڵکا بکاتەوە.


ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی بڵاویکردەوە، لە ١٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١ دوای ئەوەی پێکدادان لە نێوان گروپی "گەنجانی شۆرشگێڕ" و پاسەوانانی سنوری هەرێم لە دەروازەی سنوری سێماڵکا روویدا، حکومەتی هەرێم دەروازەکەی داخست.

دوای داخستنی دەروازەکە، سەرجەم جموجوڵە بازرگانی و گەشتەکان و تەنانەت تێپەڕبوونی تاکە کەسیش راگیران، سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا نزیکەی ٩٠٠ سەربازی لەناوچەکە و باکوری سوریا جێگیرکردبوو.

بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر، دوای ئەوەی زیاتر لە مانگێک ئەمریکا ناوەندگیری لەنێوان حکومەتی هەرێم و ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوا کرد، دواجار حکومەتی هەرێم بڕیاریدا لە مانگێکدا دووجار دەروازەی سێماڵکا بکاتەوە، بە مەرجەی ناو و لیستی ئەو کەسانە بدرێتە دەروازەکە تا وردبینی تێدا بکرێت.

ماڵپەڕەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لە ٢٣ی کانونی یەکەم برێت مەکگۆڕ پەیکی کۆشکی سپی بۆ کاروباری خۆرهەاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسرور بارزانی ئەنجامداوە. هەروەها، لە رێکەوتی ٧ی کانونی دووەم لە شاری هەولێر مەزڵوم کۆبانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم کۆبوونەوە و لەبارەی کەیسەکەوە گفتوگۆیان کردووە.

ماڵپەڕەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بڕیاری داخستنی دەروازە سنورییەکەی داوە.

حکومەتی هەرێم رەتی کردووەتەوە بەشێوەیەکی تەواوەتی و بەردەوام دەروازکە بکاتەوە، بە بیانوی پاراستنی ئەو خێزانانەی لەناوچەکەدا لە کەمپدا دەژین. مەرجێکی دیکەی حکومەتی هەرێم ئەوەبووە، ئیدارەی خۆسەری رۆژهەڵات و سوریا رێگە بدات رێکخراوی خێرخوازی بارزانی کار و چالاکییەکانی ئەنجامبدات، چونکە پێشتر بەبیانوی ئەوەی رێکخراوەکە هاوکاری سیخورەکانی تورکیا دەکات سەرجەم چالاکییەکانی راگیرابوون.













گەلەری