سەردێڕ:

کۆمپانیای دانا غاز وەڵامی سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێی دایەوە

PM:05:37:17/01/2022

11124 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای دانا غاز، دوای ٢٤ کاتژمێر لە قسەکانی وەڵامی سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێی لە پەرلەمانی عێراق دایەوە و قسەکانی رەتکردەوە.


دوێنێ یەکشەممە، سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە تویتەر ئەوەی خستەڕوو، "پێویستە گرێبەستەکانی کۆمپانیای دانا غاز هەڵبوەشێتەوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت لەسەر ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی غازیان زیادکردووە و خەڵکی لە قەیرانی بێ غازیدا دەناڵێنن."

لە وەڵامدا، کۆمپانیای دانا غاز لە روونکردنەوەیەکدا باسی لەوەکردووە، "بە درێژایی ١٤ ساڵی رابردوو کۆمپانیای دانەغاز و کرێسنت پترۆلیۆم پێکەوە لە جیاتی کۆنسۆرتیۆمی پێرڵ پترۆلیۆم کێڵگە غازییەکانی کۆرمۆر و چەمچەماڵ بەڕێوەدەبەن و غاز دابین دەکەن بۆ وێستگە کارەباییەکانی هەرێمی کوردستان کە بەهۆیەوە توانراوە ٨٠٪ی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین بکرێت بە سوتەمەنییەکی هەرزان."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "رۆژانە ١٦ هەزار بەرمیل کۆندێنسەیت و هەزار تۆن غازی شل بەرهەم دەهێنرێت و پێرڵ بە نیازە لە ساڵی ٢٠٢٣ ئاستی بەرهەمهێنان بە رێژەی ٥٥٪ زیاد بکەن"، دەشڵێت، "وەبەرهێنانەکانمان بووەتە هۆی پاشەکەوتکردنی تێچووی سووتەمەنی بەبڕی ٢٠ ملیار دۆلار."

کۆمپانیای دانا غاز باسی لەوەشکردووە، "ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەو سەرکەوتنانەی کۆمپانیا نەداوە."

لە ئێستادا کە قەیرانی غاز بەرۆکی هاوڵاتیانی هەرێمى گرتووە، کۆمپانیای دانە غاز لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، ساڵى رابردوو بەرهەمهێنانیان لە هەرێمی کوردستان بە رێژی ٥٠٪ زیادیکردووە.

سەرباری بەرزبوونەوەى رێژەى بەرهەمهێنانى غاز، قەیرانى غازیش لە هەرێم دەستیپێکردووە بەشیوەیەک هاوڵاتیان بە زەحمەت بوتڵێک غازیان بە ١٥ هەزار دەستدەکەوێت.













گەلەری