PM:12:04:10/09/2026
180 جار خوێندراوەتەوە
لە کەلار، منداڵێکی تەمەن دوو ساڵان کەوتبووە ناو سەتڵێک ئاوەوە و بە خنکاوی گەیەنرایە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەلار، بەڵام تیمە پزیشکییەکان لە دوایین ساتەکاندا توانییان لە ڕێگەی فریاگوزاریی خێراوە دڵی بخەنەوە کار و دواتریش بەهۆی خراپیی دۆخی تەندروستییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی کراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، ڕەفیق قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەلار، ڕاستیی ڕووداوەکەی بۆ ئێن ئاڕ تی پشتڕاست کردەوە و وتی، منداڵێکی تەمەن دوو ساڵان بە خنکاوی هێنراوەتە نەخۆشخانەکەیان، دوای ئەوەی کەوتبووە ناو سەتڵێکی ئاو.
ئاماژەی
بەوەشکردووە، دەستبەجێ تیمە پزیشکییەکان هەوڵەکانی خۆیان خستەگەڕ و خۆشبەختانە
توانییان دوای ماوەیەک ژیانی بۆ بگەڕێننەوە و لە خنکان ڕزگاری بکەن و وتیشی، دواتر بەهۆی ناجێگری دۆخی تەندروستییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی شار کرا لە سلێمانی.
چاوگێکیش لە نەخۆشخانەی شار بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کاتێک منداڵەکە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەکەیان بارودۆخی تەندروستی جێگیر نەبووە و جارێکی دیکە لەوێ دڵی لە لێدان کەوتووە و دوای ئەنجامدانی فریاگوزاری خێرا بۆ دووەم جار منداڵەکە دڵی کەوتووەتەوە کار و باسی لەوەشکرد، بەهۆی نا جێگیری دۆخی تەندروستییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی کراوە و لە ئێستادا لە ژێر چاودێری چردایە