AM:08:58:10/09/2026
520 جار خوێندراوەتەوە
سەرۆکی ئەمریکا، بەڵێنیدا پێنج هەزار دۆلار ببەخشێت بە هەر هاوڵاتییەکی پێگەیشتووی ئەمریکی، بەمەرجێک کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە کۆنگرێس سەرکەوتووبن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکی کۆمارییەکاندا لە دالاسی ویلایەتی تێکساس رایگەیاند، "ئەگەر کۆمارییەکان سەربکەون، ئێوەش لەگەڵ ئێمەدا سەردەکەون و پێنج هەزار دۆلار وەردەگرن".
سەرۆکی
ئەمریکا هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی سەرچاوەی دابینکردنی ئەو پارەیە یان ئەو میکانیزمەی
بۆ جێبەجێکردنی پێشنیارەکە پەیڕەو دەکرێت، ئاشکرا نەکرد، ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە
کۆمارییەکان لە پێش هەڵبژاردنی نیوەی خولدا رووبەڕووی رکابەرییەکی توند لەگەڵ دیموکراتەکان
بوونەتەوە، ئەو هەڵبژاردنەی هەژموونی هێز لە کۆنگرێسدا یەکلایی دەکاتەوە.
هاوکات
ترەمپ داوای لە دەنگدەران کرد دەنگ بە کۆمارییەکان بدەن و هۆشداریدا ئەگەر کۆنترۆڵی
کۆنگرێس بگوازرێتەوە بۆ دیموکراتەکان، ئەوا ئەمریکا بۆ ماوەی چەند ساڵێک پاشەکشە دەکات
و بەڵێنیشیدا ئەو دۆخە تێکبشکێنێت کە تێیدا زۆرجار پارتەکەی سەرۆک لە هەڵبژاردنی نیوەی
خولدا ژمارەیەک کورسی لە کۆنگرێس لەدەست دەدات و جەختی لەوە کردەوە کۆمارییەکان بەردەوام
دەبن لە تەواوکردنی ئەرکەکە.