ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە بڕیارنامەیەکی نوێدا رەوانەکردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانی بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کرد، لە بەرامبەریشدا ئێران و هاوپەیمانەکانی هۆشداریی دەدەن و بڕیارەکە بە سیاسی و شکستخواردوو ناودەنێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، بە پشتگیریی ٢٣ وڵات ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بڕیارنامەیەکی دژی تاران پەسەندکرد، بەهۆی کەمبوونەوەی هاوکارییەکانی لەگەڵ پشکنەران و رێکارەکانی چاودێری، ئێران و روسیا و چینیش رەخنەی تووندیان لە بڕیارەکە گرت و جەختیان کردەوە، دروستکردنی فشاری سیاسی رێگە لە چارەسەری دیپلۆماسی دەگرێت و هیچ ئامانجێک ناپێکێت.
لە
بارەگای سەرەکیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) لە ڤییەننا، ئەنجومەنی پارێزگارانی
ئاژانس بە زۆرینەی دەنگ پرۆژە بڕیارێکی ئاڕاستەکراو بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی
نەتەوە یەکگرتووەکانی پەسەند کرد، کە بڕیارنامەکە جەخت لەسەر پابەندنەبوونی ئێران
بە پەیماننامەی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) و کەمبوونەوەی ئاستی هاوکارییەکانی
لەگەڵ پشکنەرانی ئاژانس دەکاتەوە.
بڕیارنامەکە
لەلایەن (ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا)وە پێشکەش کرابوو، لە پرۆسەی
دەنگدانەکەدا ٢٣ وڵات دەنگی بەڵێیان پێدا، لە کاتێکدا سێ وڵات (روسیا، چین و نەیجەر)
دەنگی دژ و هەشت وڵاتیش بێلایەن بوون، بەپێی بڕیارنامەکە، راپۆرتی بەرفراوانی رەوشی
بەنامەی ئەتۆمیی تاران دەکەوێتە بەردەست ئەنجومەنی ئاسایش.
دەستبەجێ
دوای دەرچوونی بڕیارەکە، ئێران هەڵوێستی خۆی راگەیاند و بڕیارەکەی بە نابەجێ و
سیاسی و شکستخواردوو ناوبرد، تاران ئاماژەی بەوە دا کە ئەم هەنگاوانە ناتوانن
پاشەکشە بە بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتییانەکەی بکەن.
هاوکات،
نوێنەرانی چین و روسیاش رەخنەی تووندیان لە وڵاتانی رۆژئاوا گرت و رایانگەیاند،
پەنابردن بۆ لۆژیکی فشار و ناردنی دۆسیەکە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش، تەنیا ئاڵۆزییەکان
قووڵتر دەکاتەوە، بەتایبەت لەبەر ئەوەی بەکارهێنانی مافی ڤیتۆ دەرگاکانی دیپلۆماسی دادەخات.