PM:09:31:09/09/2026
900 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان لە بڕیارێکی نوێدا ژمارەی قیستەکانی دانەوەی قەرزی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی بۆ خاوەنکاران لە ٢٠ قیستەوە بۆ ٣٠ قیست زیادکرد، بە مەبەستی رەچاوکردنی دۆخی دارایی کەرتی تایبەت و پاراستنی مافی کرێکاران.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ئەنجومەنی کارگێڕیی خەزنەی خانەنشینی رێکاری نوێی بۆ ئاسانکاریی لە دانەوەی قەرزی کەڵەکەبووی بەشداریی مانگانە پەسەند کرد، بەپێی بڕیارە نوێیەکە، ژمارەی قیستەکانی دانەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر خاوەنکاران لە ٢٠ قیستەوە بۆ ٣٠ قیست زیادکراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، ئەم هەنگاوە لەسەر پێشنیازی وەزیری کار و بە
بڕیاری ئەنجومەنی کارگێڕیی خەزنەی خانەنشینی دراوە، ئامانجی سەرەکیشی
پشتیوانیکردنی کەرتی تایبەت و کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی سەر خاوەن کارگە و
پرۆژەکان و بەردەوامبوونی چالاکییەکانیان لە بازاڕ و مسۆگەرکردنی پاراستنی مافی رەوای
کرێکارانە.
بڕیارەکە
لە ئێستاوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەو خاوەنکارانەی قەرزی مانگانەی
دەستەبەرییان لەسەرە، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی
لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن، تاوەکو بە مەبەستی رێکخستنەوەی یاسایی و
وەرگرتنی نووسراوی پشتگیریی سوود لەم ئاسانکارییە وەربگرن.