سەردێڕ:

کۆبوونەوەیەکی لوتکەی مێژوویی؛ ترەمپ و شی جێنپینگ و پوتین کۆدەبنەوە؟

PM:08:44:09/09/2026

992 جار خوێندراوەتەوە

کۆشکی کرملین ئەگەری ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی لوتکەی سێ قۆڵی لە نێوان ڤلادیمێر پوتین و دۆناڵد ترەمپ و شی جێنپینگ لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا ئاشکراکرد، کە بڕیارە لە پەراوێزی لوتکەی (APEC) لە چین بەڕێوەبچێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، دمیتری پیسکۆف وتەبێژی کرملین رایگەیاند، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان پوتین و ترەمپدا باسی ئەگەری سازدانی کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لە شاری شنتشینی چین کراوە، ئەم ئامادەکارییانە لە کاتێکدان کە فشارەکانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا بەردەوامن و پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و پەکینیش لە بەرزترین ئاستدان.

وتەبێژی کۆشکی کرملین وتیشی، بڕیارە لە رۆژانی ١٨ و ١٩ـی تشرینی دووەمی داهاتوودا، لوتکەی (forum)ـی هاوکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن (APEC) لە شاری شنتشینی چین بەڕێوەبچێت، ئاماژەی بەوەش کرد، پوتین بەشداریی لە لوتکەکەدا دەکات، بەڵام کۆشکی سپی تا ئێستا بە فەرمی ئامادەبوونی ترەمپی رانەگەیاندووە.

درەنگانی دوێنێ سێشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە نێوان پوتین و ترەمپدا، پرسی ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوە سێ قۆڵییە تاوتوێ کراوە، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا، وتەبێژی کرملین راستیی ئەم تاوتوێکردنەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، بێ گومان ئەم بابەتە قسەی لەسەر کراوە، پێشتریش ئەم ئەگەرە خرابووەڕوو و دەرفەتێک دەبێت بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەیەکە.

سازدانی ئەم لوتکەیە لە کاتێکدایە، ئیدارەی ئەمریکا فشارەکانی زیادکردووە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، هەفتەی رابردووش دوو نێردەی تایبەتی ترەمپ سەردانی مۆسکۆ و کیێڤیان کرد، بەڵام تا ئێستا هیچ پێشکەوتنێکی بنەڕەتی بۆ راگرتنی جەنگەکە رانەگەیەندراوە.













گەلەری