سەردێڕ:

پاکستان هەڕەشەی سەربازیی لە حوسییەکان دەکات

PM:05:57:09/09/2026

1228 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ بەردەوامیی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی حکومەتی یەمەن و حوسییەکان لە پارێزگای تەعەز، پاکستان هەڕەشەی چالاککردنەوەی رێککەوتنی سەربازیی مەککە دەکات لە بەرامبەر هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکان بۆ سەر خاکی سعودیە.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، لە بەرەی کەدحە لە باشووری رۆژئاوای یەمەن، هێزەکانی حکومەت کۆنترۆڵی چەندین پێگەی ستراتیژییان کردووە، لە بەرامبەردا حوسییەکان هێرشێکی بەرفراوانیان لە قەزای وازیعە ئەنجامداوە، هاوکات وەزیری بەرگریی پاکستان رایگەیاندووە، بەردەوامیی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر سعودیە، رەنگە وڵاتەکەی بنێرێتە ناو هاوکێشەکەوە بەپێی رێککەوتنی مەککە.

لەلایەکی ترەوە خواجە محەمەد ئاسف وەزیری بەرگریی پاکستان لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی نیگەرانیی زۆری وڵاتەکەی بەرامبەر هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکان بۆ سەر خاکی سعودییە دەربڕی. ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوامیی ئەم هێرشانە رەنگە ببێتە هۆی جێبەجێکردن و چالاککردنی رێککەوتنی مەککە لە نێوان پاکستان و سعودیەدا.

رێککەوتنی مەککە رێککەوتننامەیەکی بەرگریی هاوبەش و هاوکاریی سەربازییە لە نێوان پاكستان و سعودییەدا، کە بەپێی ئەم رێککەوتنە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایش و سەروەریی خاکی سعودیە و شوێنە پیرۆزەکانی، بە هەڕەشە بۆ سەر پاکستان ئەژمار دەکرێت و رێگە بە پاکستان دەدات هێزی سەربازیی یان هاوکاریی ئەمنی پێشکەشی ئەو وڵاتە بکات.













گەلەری