شاندى باڵاى هەرێم و وەزارەتى دارایی عێراق لەبەغدا لەکۆبوونەوەدان بۆ رێککەوتن لەسەر پشکى هەرێم لە بودجە.
شاندەکەى هەرێم پێکهاتووە لە وەزیرانی دارایی و سامانە سروشتییەکان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و بریکاری وەزارەتی پلاندانان و لەگەڵ وەزارەتەکانی دارایی عێراق و پلاندانان و نەوت کۆدەبێتەوە.
حکومەتى ماوە بەسەرچوو دەڵێت، ئامانجى کۆبوونەوەکانى
شاندەکە لەبەغدا، بەشداریکردنى هەرێمە لە ئامادەکردنی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی
عێراق و جێگیرکردنی پشک و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاساکەدا.
دەشڵیت، لە کۆبوونەوەکاندا، شاندی هەرێم تێڕوانین
و داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە تەرخانکراوی موچە و شایستە داراییەکانی
مووچەخۆران و پلەبەرزکردنەوە و دامەزراندن و بودجەی تەرخانکراوی پرۆژەکانی وەبەرهێنان
و بەکاربردن و هەروەها دۆسیەی نەوت دەخاتەڕوو.
هاوکات وابڕیارە لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی
پلاندانانیش باس لە پشکی هەرێم دەکرێت بەپێی رێژەی دانیشتووان و شێوازی بڕیاردان لە
پشکی هەرێم.
لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقیش، باس لە پشکی نەوتی
هەناردەکراو و رێژەی نەوتی دابینکراو بۆ پێداویستیی ناوخۆی هەرێم و پرسەکانی تری پەیوست
بە وزەوە تاوتوێ دەکرێن.