سەردێڕ:

دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان دژی دانەمەزراندنیان گردبوونەوە

PM:12:05:09/09/2026

188 جار خوێندراوەتەوە

پزیشکانی دانەمەزراو لە هەرێم، گردبوونەوە و یاداشتنامەیەکی ناڕەزایەتییان ئاڕاستەی حکومەتی ماوەبەسەرچوو کرد، کە تێیدا داوا دەکەن لە کۆبوونەوەی لیژنە داراییەکانی عێراق و هەرێمدا فشار بکرێت بۆ جێگیرکردنی ڕاژەی دەرچووانی پزیشکی لە بەشە بودجەی ساڵی٢٠٢٧دا.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، داستان بەشارەت، نوێنەری خوێندکارانی دانەمەزراو بە ئێن ئاڕ تی وت، زیاتر لە ساڵێک و دوو مانگە دەرچووانی پزیشکی ساڵی ۲۰۲٥ و دەرچووانی ساڵی ۲۰۲٦ لە مافی بنەڕەتی خۆیان کە دامەزراندنە بێبەشکراون، لەبەرئەمەش بەردەوام دەبین لە چالاکی و داواکارییە مەیدانییەکانمان تاوەکو وەڵامێکی فەرمی و ڕوونمان سەبارەت بە دامەزران دەست دەکەوێت.

هەروەها، داوا دەکەین لە کۆبوونەوەی لیژنە داراییەکانی هەردوو حکومەتدا فشار بکرێت بۆ جێگیرکردنی ڕاژەی دەرچووانی پزیشکی لە بەشە بودجەی ساڵی ۲۰۲۷ بەپێی یاسای پلەبەندی پزیشکی ژمارە ٦ـی ساڵی ۲۰۰۰، بەدوور لە کێشە سیاسییەکان.

جەختیان لەوەشکردەوە، لە حاڵەتی جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانمان لە بەشە بودجەی عێراقدا، پێویستە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی هەرێم بەرپرسیارێتی هەڵبگرن بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێکی بە پەلەی دارایی بۆ دامەزراندنمان، هاوکات ئامادەیی خۆمان بۆ هەر ڕێکارێک دەردەبڕین، کە سیستمی پلەبەندی ڕێکبخاتەوە بە مەرجێک مافەکانمان پارێزراو بێت.













گەلەری