ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، چەند بڕیارێکی لە بوارەکانی ئابووری، وزە و کارگێڕی دەرکرد کە گرنگترینیان ڕاگرتنی گەشتە دەرەکییەکانی (ئیفاد) فەرمانبەران و کەمکردنەوەی خەرجییەکانیانە بە ڕێژەی ٦٠٪، لەگەڵ دیاریکردنی بڕی هەناردەی نەوت بۆ تورکیا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاودا.
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق شەوی ڕابردوو سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئاساییی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاوی لەگەڵ تورکیا، ئاستی هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ ئەو وڵاتە لە قۆناغی یەکەمدا بۆ ٣٣ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکرێتەوە، تاوەکو پێداویستییە دارایییەکانی ڕێککەوتنەکە دابین بکرێت.
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی
قەیرانی داخستنی گەرووی هورمز، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا کار بە میکانیزمی
فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان بکرێت تاوەکو ئەو کاتەی دۆخی کەشتیوانی لە گەرووەکە
ئاسایی دەبێتەوە.
هاوکات وەزارەتی
نەوت ڕاسپێردرا بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای "شیفرۆن"ی ئەمریکی
بۆ دابینکردنی نەوتی خاو و وەرگرتنی ڕاوێژی تەکنیکی.
لە چوارچێوەی
پلانی کەمکردنەوەی خەرجییەکانیش، حکومەت بڕیاری دا ناردنی (ئیفاد) فەرمانبەران بۆ
دەرەوەی وڵات ڕابگرێت؛ تەنیا بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت کە دەبێت وەزیری پەیوەندیدار
ڕەزامەندی لەسەر بدات. هەروەها تەرخانکراوە دارایییەکانی گەشت و شاندەکان لە بودجەی
گشتیدا بە ڕێژەی ٦٠٪ کەم کرانەوە.
لە بڕیارەکاندا
ئەوەش هاتووە، ناردنی فەرمانبەران بۆ دەرەوە (ئیفاد) واتە فەرمانبەری حکومەت لەسەر
ئەرکی دەوڵەت بە ئامانجێکی دیاریکراو گەشتی دەرەوەی وڵات دەکات، خەرجییەکان و مانەوەشی
لەکۆی ماوەی گەشتەکەیدا لەسەر دەوڵەت دەبێت.