سەردێڕ:

ئیلهام ئەحمەد: مافەکانی کورد لە دەستووری نوێی سوریادا دەچەسپێنرێن

PM:10:56:08/09/2026

1020 جار خوێندراوەتەوە

ئیلهام ئەحمەد سیاسەتمەداری دیاری رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، سەرجەم هەنگاوەکانی ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بە رێککەوتنی هاوبەش لەگەڵ دیمەشق ئەنجامدەدرێن، هاوکات جەختی لە چەسپاندنی مافەکانی کورد لە دەستوری نوێ و چوونی هێزەکانی هەسەدە بۆ ناو سوپای سوریا کردەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە ٨ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، ئیلهام ئەحمەد سیاسەتمەداری دیاری رۆژئاوای کوردستان ئاشکرایکرد، هەنگاوە نوێیەکەیانیان لەسەر بنەمای چەسپاندنی مافە دەستوری و کلتورییەکانی کورد لە دەستوری نوێی سوریادا بونیادنراوە، بە جۆرێک کە زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمیی خوێندن لە قوتابخانەکاندا، هاوکات تێکەڵکردنی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانیش لەگەڵ سوپای سوریا لەخۆدەگرێت.

دەشڵێت، دۆسیەی کورد گواستراوەتەوە بۆ قۆناغێکی نوێی سیاسی و لە قۆناغی داهاتووشدا چەسپاندنی مافەکانی کورد لە دەستووری نوێی سوریادا دەبێتە پێشینەی کارەکانیان، بەجۆرێک کە سەرجەم مافە زمانی و کلتورییەکان زامن ببن و زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمیی خوێندن لە قوتابخانەکاندا.

سەبارەت بە دۆسیەی ئەمنی و سەربازی، ئاماژەی بەوە کرد، پێشکەوتنی بەرچاو بەدیهاتووە لە پرۆسەی پەیوەندیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سوپای سوریاوە بەشێوەی گروپ، جەختیشی کردەوە، پڕۆسەی تۆمارکردنی ئەندامانی ئاسایش و تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە دەزگا دەوڵەتییەکانی سوریادا بە بەردەوامی بەڕێوەدەچێت.

ئەو سیاسەتمەدارە کوردە جەختیشی لەوە کردەوە کە سەرجەم ئەو هەنگاوانەی لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا جێبەجێ دەکرێن، لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی ٢٩ـی کانوونی دووەم و بە دانوستان و رێککەوتنی هاوبەش لەگەڵ دیمەشق ئەنجام دەدرێن.

روونیشی کردەوە، هیچ هەنگاوێکی تاکلایەنە لەلایەن هیچ لایەکەوە نانرێت تاوەکو سەقامگیریی لە ناوچەکە و ئاگربەستی هەمیشەیی بە تەواوی مسۆگەر بێت.













گەلەری