سەردێڕ:

هەرێم و بەغدا لەسەر 17 خاڵی ستراتیژیی ئاسایش رێککەوتن

PM:10:12:08/09/2026

1336 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رێککەوتنێکی ئاسایشی هاوبەشی لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان راگەیاند کە 17 خاڵی ستراتیژیی لەخۆدەگرێت، بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان و دەروازەکان و یەکخستنی بڕیاری ئەمنی هاوشانی نزیکبوونەوەی کاتی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان.


ئەمڕۆ سێشەممە ٨ی ئەیلولی ٢٠٢٦، فەریق سەعد مەعن سەرۆکی دەستەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی ئەمنی هاوبەش کە نزیکەی 17 خاڵی ستراتیژی لەخۆدەگرێت. جەختیشی کردەوە کە یەکگرتوویی بڕیاری ئەمنی پردی راستەقینەیە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و سەروەری وڵات، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

وتیشی، کۆبوونەوەکە لە نوسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بە سەرۆکایەتیی فەریق روکن عەبدولئەمیر شەمەری و بەشداربوونی بەرپرسانی باڵای ئەمنیی بەغدا و سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگە و نوێنەرانی دامەزراوە ئەمنییەکانی هەولێر و سلێمانی بەڕێوەچوو.

ئاشکراشی کرد، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی مەیدانی و هەواڵگری و مەشق و راهێنان تاوتوێ کران و ئاماژە بەوە کرا، عێراق بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە کارەکتەرێکی کاریگەر لە ناوچەکەدا لە رێگەی بڕیاری ئەمنیی سیادی بەبێ دەستکاریکردنی تایبەتمەندیی هێزەکانی پێشمەرگە.

روونیشی کردەوە، لە رێککەوتنەکەدا چالاککردنەوەی دوو لیوا هاوبەشەکە لە ناوچە جێناکۆکەکان و داخستنی دەروازە نافەرمییەکان و بەڕێوەبردنی هاوبەشی دەروازە فەرمییەکان و بەهێزکردنی بڵاوەپێکردنی پاسەوانی سنوور لەسەر سنووری تورکیا جێگیر کراوە، لەگەڵ دیپۆرتکردنەوەی کرێکارانی بیانی سەرپێچیکار و توندکردنەوەی جەنگی دژ بە بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان.













گەلەری