PM:09:47:08/09/2026
944 جار خوێندراوەتەوە
قەیرانی بەنزینی 750 دیناری لە هەرێمی کوردستان تووندتر بۆتەوە، لە کاتێکدا لە سلێمانی و دهۆک بڕی دابەشکردنی بەنزین کەمکراوەتەوە، لە هەولێریش مەرجی کارتی نیشتمانیی دانراوە و لە هەڵەبجەش شۆفێران لەسەر نۆرەگرتنی پێشوەختە سزادەدرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، قەیرانی بەنزین لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، لە سلێمانی پشکی رۆژانەی بەنزینخانەکان بۆ 25 هەزار لیتر کەمکراوەتەوە، لە هەڵەبجەش سزای ئەو شۆفێرانە دەدرێت کە پێشوەختە نۆرە دەگرن، لە هەولێریش وەرگرتنی بەنزین مەرجدار کراوە، لە دهۆکیش پشکی هەر ئۆتۆمبێلێک لە 40 لیترەوە بۆ 30 لیتر کەمکراوەتەوە.
قەیرانەکە تا دێت لە هەرێم قوڵتر دەبێتەوە و پارێزگاکان رێکاری توندتر و جیاواز بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرەی درێژی شۆفێران دەگرنەبەر، قائیمقامیەتی هەڵەبجە دەڵێت، سزای ئەو شۆفێر و ئۆتۆمبێلانە دەدەن کە لە پێش کاتی دیاریکراوەوە ئۆتۆمبێلەکانیان لە سەرەدا دادەنێن.
لە لایەکی دیکەوە، لە هەولێر گۆڕانکاریی لە رێکارەکانی فرۆشتنی بەنزینی 750 دیناریدا کراوە، بەپێی بڕیارە نوێیەکە لە هەفتەی داهاتووەوە بۆ وەرگرتنی بەنزین، دەبێت شۆفێر جگە لە کارتی سووتەمەنی، کارتی نیشتمانیشی پێبێت و هەردوو کارتەکەش بەناوی هەمان کەسەوە بێت.
لە هەمان کاتدا، لە پارێزگای دهۆک بڕی بەنزینی 750 دیناریی حکومی بۆ بەنزینخانەکان بۆ 30 هەزار لیتر کەمکراوەتەوە، وە بڕی بەنزینیش بۆ هەر شۆفێرێک لە 40 لیترەوە کەمکراوەتەوە بۆ 30 لیتر.