دەستەی دەستپاکی عێراق تۆڕێکی ساختەکاری و دەستکاریکردنی رێکارەکانی تەرخانکردن و تاپۆکردنی ژمارەیەک زەویوزاری لە شارەوانیی ناسریە ئاشکراکرد و دەستیان بەسەر نووسراوێکدا گرتووە کە تایبەت بووە بە تاپۆکردنی ١٠٤ زەویی کە بەهای هەر یەکێکیان بە نزیکەی ١٠٠ ملیۆن دینار مەزەندە دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە ٧ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، رێکارەکانی تەرخانکردن و تاپۆکردنی ئەو زەوییانە بە ساختەکاری و پێشێلکردنی رێنماییەکان دراون، تیمەکانیان پێشتر دەستیان بەسەر ٣٠ مامەڵەی تاپۆکردندا گرتبوو وەک بەڵگەی تاوانکاری.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە درێژەی بەدواداچوون و
وردبینی لە مامەڵە پەیوەندیدارەکان، ١٢ مامەڵەی دیکەی رەسەنی تاپۆکردنیان لە بەڕێوەبەرایەتیی
شارەوانیی ناسریە دەستبەسەردا گرتووە، ئەمەش بەڵگە و کەرەستە تاوانکارییەکانی کەیسەکەی
بەهێزتر کردووە.
دەستەکە دەشڵێت، تیمەکانیان بڕیاری دەستگیرکردنیان
دژی بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانیی ناسریە و ژمارەیەک فەرمانبەری کەمتەرخەم جێبەجێکردووە،
ئەوەش بەپێی ماددەی ٣٤٠ـی یاسای سزادان، تۆمەتباران بەهۆی کەیسی دیکەی گەندەڵییەوە
لە راگرتندان.
روونیشی کردووەتەوە، نیشانەی قەدەغەی مامەڵەکردن
خراوەتە سەر سەرجەم ئەو ١٠٤ زەوییە ناوازەیەی کەوتوونەتە ژێر لێکۆڵینەوە، کۆی بەهاکەیان
بە نزیکەی ١٠ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دینار مەزەندە دەکرێت.
ئەم رێکارە بە ئامانجی پاراستنی سامانی گشتی و
رێگریکردن لە هەر جۆرە مامەڵەکردنێک پێیانەوە گیراوەتەبەر تا رێکارە یاسایی و دادوەرییەکان
لەبارەی کەیسەکەوە یەکلایی دەبنەوە.