سەردێڕ:

کۆمسیۆن تاقیکردنەوە لەسەر کارتی نیشتیمانیی دەکات بۆ دەنگدان

PM:04:29:06/09/2026

1152 جار خوێندراوەتەوە

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق ڕایگەیاند، داتای فەرمانبەرانی خۆی وەرگرتووە بە مەبەستی ئەنجامدانی تاقیکردنەوە و بەکارهێنانی کارتی نیشتیمانی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوودا، ئەمەش دواى بڕیارەکەى سەرۆک وەزیرانى عێراق هات، کە بڕیاری دابوو لە هەڵبژاردنى داهاتوودا هاوڵاتییان بە کارتى نیشتمانى دەنگ بدەن.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، داتای ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی کۆمسیۆنیان وەک نموونە وەرگرتووە بۆ تەواوکردنی توێژینەوەی تایبەت بە توانای پشتپبەستن بە کارت نیشتیمانیی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوودا، تاقیکردنەوەی تەکنیکی و هاوشێوەسازیی پێویست لەم بوارەدا ئەنجام دەدەن.

ئاماژەى بەوەشکرد، ئەمە لە کاتی کۆبوونەوەی تایبەت بە پەسەندکردنی کارت نیشتیمانی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا هات، کە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە نوسینگەى نیشتیمانی بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی سەرۆکی لیژنەی سەرپەرشتیاری لیژنەی تەکنیکی و یاسایی بۆ بەکارهێنانی کارت نیشتیمانی لە دەنگداندا.

باس لەوەشکراوە، کۆمسیۆن داتای ٥٠ فەرمانبەرانی خۆی وەرگرتووە، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی کرداری و هاوشێوەسازیی پرۆسەی دەنگدان بە بەکارهێنانی کارت نیشتیمانی و دەستنیشانکردنی پێداویستییە تەکنیکی و ڕێکارییەکانی پێویست بۆ جێبەجێکردنی.

ڕوونیشی کردەوە، ئەم ڕێکارانە لە چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوکاریی هاوبەشی نێوان کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و وەزارەتی ناوخۆدا دێن، بۆ تەواوکردنی پێداویستییە تەکنیکی و یاساییەکانی پەیوەست بە بەکارهێنانی کارتی نیشتیمانی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.

ئەمەش دوای ئەوەی هات، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانى عێراق بڕیاری دا لەهەڵبژاردنى داهاتوو لە هاوڵاتیان بە کارتى نیشتیمانى دەنگ بدەن، بەڵام کۆمسیۆن دەڵێت، ئەمە پێویستى بەهەمووارکردنەوەى یاسای هەڵبژاردنەکانە.













گەلەری